شێرپەنجەی مەمک - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأحد، 28 أكتوبر 2018

demo-image

شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمك (بەشی دووەم)
ھۆکارەکانی تووشبوون و خۆپاراستن

شێرپەنجە بریتیە لە نەخۆشی جینەکان. خانەکانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە ئەچن کە لەلایەن جینەکانەوە دیاری ئەکرێت. بۆیە ئەگەر هەڵە لە ئیش و کاری جینەکان دروست بوو، ئەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەکان دروست ئەبێت. وە چەند هۆکارێکی بۆماوەیی و ژینگەیی بەیەکەوە ئەچنە پاڵ یەك و ئەبنە هۆی دروست بوونی بازدان لە جینەکان.

- تەمەن: زیاد بوونی تەمەن یەکێكە لە گەورەترین هۆکارەکانی تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك. هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە ئیش و کاری جینەکان زیاتر ئەبێت، چونکە لە ناو خانەکانی لەش سیستەمی ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەڵەی جینەکان هەیە، وە ئەو سیستەمە لەگەڵ زیاد بوونی تەمەن بەرە بەرە لاواز ئەبێت. ٨٠٪ ی شێرپەنجەی مەمك لەوانە ڕوو ئەدات کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە

- جێندەر: هەتا یەك پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمك ئەبێت، ١٠٠ ئافرەت تووش ئەبێت

- ڕەنگی پێست: لە ئەمریکا و ئەوڕوپا ئافرەتە سپی پێستەکان زیاتر تووشی شێپرنجەی مەمك ئەبن بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە ڕەش پێستەکان

- قەڵەوی: شێرپەنجەی مەمك دوای ٥٠ ساڵی دوو جار زیاترە لە ئافرەتانی قەڵەو بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی قەڵەو نین

- درێژی باڵا: لە توێژینەوەیەك تێبینی کرا کە ئەو ئافرەتانەی درێژیان زیاترە لە ١٧٥سم، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك ٢٠٪ زیاتە بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی درێژیان لە ١٦٥سم کەمترە

- هۆکارە هۆڕمۆنیەکان: هەندێك لە هۆڕمۆنەکان وائەکەن خانەکانی مەمك زۆر ببن و گەشە بکەن. ئەو هۆکارانەی کە وائەکەن خانەکانی مەمك زۆرتر بکەونە ژێر کاریگەری هۆڕمۆنەکان بریتین لە: دەستپێکردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی بچووك، ڕاوەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی گەورە، شیرنەدان، منداڵ نەبوون، وە بەکارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە. تێبینی کراوە کاتی نێوان یەکەم سووڕی مانگانە و یەکەم دووگیان بوون زۆر گرنگە، هەتا ئەو ماوەیە کەمتربێت ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك کەمتر ئەبێت. بێگومان هەموو هۆکارە هۆڕمۆنیەکان بەدەست ئافرەت نین (بۆ نموونە کاتی نێوان یەکەم سووری مانگانە و یەکەم دووگیان بوون)، بەڵام هەندێك هۆکاری هۆڕمۆنی ئەکرێت لە ژێر کۆنترۆڵ و ویستی ئەفرەتەکە بن، بۆ نموونە شیردان بە منداڵ (کە ڕێژەی هۆرمۆنەکان ئەگۆڕێت)، وە وەرگرتن یان وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی.

هۆکارە هەڵسوکەوتیەکان: 
- خواردنەوەی کحول: چەندەها توێژینەوە ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە کە خواردنەوەی کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە مەمك زیاد ئەکات
- جگەرە کێشان: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە جگەرە کێشانێکی زۆر بۆ ماوەیەکی زۆر وە بەتایبەتی ئەگەر پێش یەکەم دوو گیان بوون دەست پێ بکرێت ئەگەری تووش بوون زیاد ئەکات
- وەرزش کردن: تێبینی کراوە کە ئەو ئافرەتانەی بەشێوەیەکی بەردەوام وەرزش ئەکەن ئەگەری تووش بوونیان ١٠٪ کەمترە
- جۆری خواردن: خواردنێك کە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك کەم ئەکاتەوە، بەڵام کاریگەری چەوری و گۆشت یەكلا نەبۆتەوە
- ئیش کردن بەشەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد ئەکات
- وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاویەکانی سنگ لە نێوان تەمەنی ١٠-٣٠ ساڵی، بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد ئەکات

هۆکارە بۆماوەییەکان: 
هەندێك لە گۆڕانە جینیەکان بە بۆماوە لە دایك و باوك ئەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکانیان. بۆیە ئەو ژنانەی کە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتێك یەك کەسی نزیکی تووش بووبێت، ئەوا ئەگەری تووش بوونی ئەو ٢ جار زیاترە لە خەڵکی دی، بەڵام ئەکەر دوو یان زیاتر لە کەسە نزیکەکانی تووش بووبن، ئەوا ئەو ئەگەرە بەرز ئەبێتەوە بۆ ٣-٤ جار. وە ئەو ئەگەرە زیاتریش ئەبێت ئەگەر کەسە نزیکەکان لە تەمەنێکی زۆر گەنج تووش بووبن یان شێرپەنجە لە هەردوو مەمکیان دروست بووبێت. نەك تەنها شێرپەنجەی مەمك، بەڵکو شێرپەنجەی هێلکەدانیش لە کەسێکی نزیك ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد ئەکات. 
بۆیە ئەو ئافرەتانەی کە کەسانی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك یان هێلکەدان بووبن (بەتایبەتی لە تەمەنێکی بچووك)، لەوانەیە بازدانی جینیان (Gene mutation) هەبێت لە هەندێك جین کە گرنگترینیان دوو جینن پێیان ئەڵێن BRCA1 و BRCA2. ئەو بازدانە جینیانە بەرپرسن لە دروست بوونی ٥-٦٪ی هەموو شێرپەنجەکانی مەمك لە ئافرەتان. وە ئەگەر ئافرەتێك ئەو بازدانە جینیانەی هەبێت، ئەگەری تووش بوونی بە شێرپەنجەی مەمك ٥-٧ جار زیاد ئەکات بە بەراوورد لەگەڵ ئەفرەتانی دیکە.

ئەوەی کە گرنگە ڕەچاو بکرێت ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە کەسێك یان زیاتر لە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە قەت تووشی شێرپەنجەی مەمك نابن (لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەری تووش بوونیان زیاترە لە ڕووی ئیحصائیەوە)، وە زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون هیچ کەسێکی نزیکیان پێشتر تووش نەبووە.

لەبەرکردنی ستیان:
پێشتر ئەو گومانە بڵاوبووبوەوە کە گوایە ستیان جووڵە و تێپەڕبوونی شلەی لیمف لە بۆڕیە لیمفاویەکانی ناو مەمك سست ئەکات یان ڕائەگرێت و ئەبێتە هۆکارێك بۆ تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ کە زیاتر لە ١٥٠٠ ئافرەت باشداریان تێدا کردبوو، پیشانی دا کە هیچ پەیوەندیەك نیە لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەرکردنی ستیان. 

بەکارهێنانی حەبی مەنعی حمل:
بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا کراون، پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان بەکارهێنانی ئەو حەبانە و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەکراوە. 

شێوازەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك: 
بێگومان گەورە بوونی تەمەن و هۆکارە بۆماوەییەکان بەدەست مرۆڤ نین، بەڵام هۆکارە ژینگەییەکان (کە بەشێکیان هۆکاری هەڵسوکەوتین) ئەکرێت مرۆڤ خۆیان لێ بپارێزێت. تێبینی کراوە نزیکەی ١/٣ (٣٣٪) ی ئەو شێرپەنجانەی مەمك کە لە دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی تووشی ئافرەتان ئەبن بە هۆی چەند هۆکارێکن کە ئەکرێت ڕێگریان لێ بکرێت، بۆ نموونە قەڵەوی، بەکارهێنانی هۆڕمۆنات، خواردنەوەی کحول، وە شیر نەدان. 

کەواتە بۆ خۆپاراستن ئەکرێت ئەو ڕێکارانە بگیرێنە بەر: 
- وازهێنان لە خواردنەوەی کحول و جگەرە کێشان
- خواردن بە شێوەیەکی تەندروست
- وەرزش کردن
- شیردان بۆ ئەوانەی کە منداڵیان ئەبێت
- وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی لە لایەن ئەوانەی سووری مانگانەیان وەستاوە تەنها لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەبێت، وە دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بدرێت بەپێی پێویستی
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەوانەیە ببێتە هۆی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بەو نەخۆشیە
- پشکنینی پێشوەختە (Screening) ڕێژەی مردن کەم ئەکاتەوە لە ڕێگای زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك

پشکنینی پێشوەختە لە کێ پێویستە بکرێت؟
هەموو موئەسسەسە پزیشکیەکانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئافرەتانی تەمەن ٥٠-٧٠ ساڵ دەبێت ٢-٣ ساڵ جارەك ئەشیعەی مەمكیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرێیە بچووکانەی کە بە دەست هەستیان پێ ناکرێت ببیندرێن. بەو شێوەیە، شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغێکی زۆر سەرەتایی دەستنیشان ئەکرێت و چارەسەری ئاسانتر ئەبێت. لە هەندەك وڵاتیش، ساڵانە مامۆگرام بۆ ئەفرەتان ئەکەن و لە تەمەنی ٤٥-٤٧ ساڵی دەست پێ ئەکەن.
بۆ ئافرەتانی کوردستان، پێشنیار ئەکەم هەموو ئافرەتان (بەتایبەتی ئەوانەی سەرووی ٣٥ ساڵن) دەست پێ بکەن مانگێ جارەك بەخۆیان مەمکەکانیان بپشکنن (لە ڕۆژی دەیەمی سووڕی مانگانە)، وە ئەگەر لە کاتی پشکنین هەستیان بە شتەکی ناطبیعی کرد با لە ماوەی چەند ڕۆژەك سەردانی دکتۆر بکەن. وە ئەوانەشیان تەمەنیان ٤٥ ساڵ یان زیاترە با لۆ یەکەم جار مامۆگرام بکەن (ئەگەر پێشتر نەیان کردیە) تەنانەت ئەگەر هەست بە هیچی ناطبیعیش نەکەن لە کاتی پشکنینی مانگانەی خۆیان، وە با ٢ یان ٣ ساڵ جارەك مامۆگرام دووبارە بکەنەوە.

لە بەشی سێیەم، نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمك ئەخرێنە ڕوو. 

تکایە لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئاماژە بە سەرچاوە بدە.

ئەگەر خوێندنەوەی ئەو بابەتە سوودی هەبوو بۆت، تکایە شێیری بکە بۆ ئەوەی خەڵکی تریش سوودی لێ ببینن.

بە ھیوای تەندروستیەکی باش بۆ ھەمووان

دکتۆر سەرکەوت خۆشناو
پسپۆری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە
MBChB, MSc and PhD in Oncology (UK), MRCP(UK)
ناونیشانی سەنتەر: ھەولیر - نەخۆشخانەی پار
ژمارەی مۆبایل: ٠٧٥٠٧٤٨٣٨٣٠ (07507483830)

لینکی بەشی یەکەم:
 https://www.facebook.com/1791073467584992/posts/2454961431196189/
.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEhQ953AY4IlHl6M1ecSMmULBehSVKPqALr_iOVpaMNaid8zn3uaJo1NYgp46SWPFv44cEfYnz37M5FS-yfUocpnLLOwdQsNvufy1V_azzaZTA1FUjHgAc7nxesuPAApNJY12QoES3DoZixH/s640/