فڕینی چاو - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 27 ديسمبر 2018

فڕینی چاو

چاوفڕین
Eyelid Twitch (Myokymia)

چاوفڕین بریتییە لە جوڵەی یەک بەدوای یەک و گرژبوونی بەردەوامی ماسولکەی پێڵووی چاو.

پێڵووی سەرەوە زیاتر توشی فڕین ئەبێت، بەڵام ئەکرێ پێڵوی خوارەوەش یان هەردووکیان پێکەوە توشی ئەم بارە ببن.

زۆربەی کات ئەم فڕینە کەمە و بۆ ماوەیەکی کورت بەردەوام ئەبێت و بەبێ هیچ گرفت و چارەسەرێک کۆتایی دێت.

لەوانەیە گرژبوونەکە هێندە توندبێت پێڵووەکە بە تەواوی دابخرێت و کەسی توشبوو بێبزاربکات، ئەم حاڵەتەش دەگمەنە.

چاوفڕینی باو و بێ زیان، بە شێوەیەکی ئاسایی چەند چرکە جارێک لەرزینێک لە پێڵووەکەدا درووست ئەکات و دوای چەند خولەکێک یان چەند کاژێرێک کۆتایی دێت.

هۆکارەکانی چاوفڕین: 

٭ ماندوێتی
٭ دڵەڕاوکێ و بیرکردنەوەی زۆر
٭ کەم خەوی و درەنگ خەوتن
٭ زۆر خواردنەوەی چا و قاوە (کافایین)
٭ تەرکیزکردن و زۆر سەیرکردنی شاشە و وشکبوونەوەی چاوەکان و زۆر بەکارهێنانی هاوێنەی چاو
٭ هەندێک جار زۆر خواردنەوەی ئەلکهول یان جگەرەکێشان
٭ کاریگەری لاوەکی هەندێک دەرمان، وەکو دەرمانی دژەخەمۆکی
٭ هەوکردنی پێڵووی چاو یان ناو چاوەکە
٭ ڕووناکی زۆر بەهێز و ڕەشەبای بەهێز
٭ زۆر جار بەبێ بوونی هیچ نەخۆشییەک ڕووئەدات

لە پێنج حاڵەتدا ئەبێت ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی چاو و مێشک و دەمار بکرێت: 
۱- ئەگەر چاوفڕین بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو
۲- ئەگەر هەردوو چاوەکە توشبوبوو
۳- ئەگەر هێندە توندبوو کە کەسانی دەوروبەرت هەستیان پێکرد و وەکو چاوداگرتن (winking) دەرکەوت
٤- ئەگەر بەشەکانی تری دەموچاو لەگەڵیدا گرژبوون
٥- ئەگەر سوربوونەوە و هەوکردنی چاوی لەگەڵدا بوو

چارەسەر:

🚑 زۆربەیان بەبێ چارەسەر نامێنێت
🚑 کەمکردنەوەی کافایین
🚑 خەوی دروست لەکاتی خۆیدا
🚑 قەترەی فرمێسکی دەسکرد بەکاربێنە
🚑 پارچە پەڕۆیەک گەرم بکە و ناو بەناو بیخە سەر پێڵوو

ئەگەر چاوفڕین نەخۆشی بوو یان نیشانەی نەخۆشی تر بوو، چەند ڕێگایەکی تر هەیە بۆ چارەسەری، لەوانە: 
🚑 دەرمانی تایبەت بەپێی جۆری نەخۆشییە بنەڕەتیەکە
🚑 دەرزی بۆتۆکس ئەدرێ لە پێڵوی چاوەکە
🚑 بڕینی دەماری ماسولکەی جوڵێنەری چاوەکە بە نەشتەرگەری (Myectomy)

دکتۆر ماکۆک محمد
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو
Makok Muhamad