سستی دڵ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 27 ديسمبر 2018

سستی دڵ

سستی دڵ (عجز القلب) Heart failure:
-دڵ سەرەكیرترین ئەندامى لەشە و لەكاركەوتنی واتە كۆتایی ژیان، یەكێك لە فرمانە سەرەكیەكانی دڵ پاڵپێوەنانی خوێنی پاكە بۆ ئەندامەكانی لەش و ناردنی خوێنی پیس بۆ سیەكان بۆ پاكردنەوەی. كاتێك ماسولکەی دڵ زەعیف دەبێت و ناتوانێ پاڵ بە خوێنەوە بنێ سستی دڵ  دروست دەبێت. 
سستی دڵ نەخۆشیەکی باوە، هەرچەندە لە کەسانی بەساڵاچوو زۆرترە بەڵام ئێستا زۆر کەسی گەنجیش تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن.

-هۆكارى سستى دڵ زۆر و زەبەندن، نەخۆشى گیرانى خویێنبەرە تاجیەكانى دڵ و نەخۆشى شەكرە و بەرزەفشارى خوێن لە هۆكارە سەرەكیەكانن، نەخۆشی زمانە(صمامەكان)ى دڵ وەكو تەسبكونەوە و كلس كردن و فراوانبونى زمانەكە لەوانەیە ببنە هۆى زەعیفى دڵ، تیێكچونى كارەبایى دڵ و نەخۆشیە زگماكیەكان و هەوكردنى پەردەى دڵ و هەوكردنى ماسولكەكانی دڵ هۆكارى ترن بۆ سستى دل. 
نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان(قصبات) و بەڕیشاڵبوونی سیەکان و بەرزونەوەی زەختی سیەکان هۆکاری تری زەعیف بوونی دڵن.
هەندێ ئافرەت لەكاتى سكپرى یان دواى مناڵبوون تووشى سستى دڵ ئەبن. مەى خواردنەوە و كۆكایین و هەندێ دەرمانى دژە شێرپەنجە لەوانەیە دڵ زەعیف بكەن. نەخۆشى غودەى دەرەقى و رۆماتیزمەى ئێسقان و هەوكردنى سەختى خوێن و كەمخوێنى سەخت و كەمى ڤیتامینى بى ١ و خەست بوونەوەى خوێن و نەخۆشى كارسینۆید و كۆمەلێك نەخۆشى ترى خوێن دڵ سست دەكەن.
 
-حاڵەتێكى تازە دۆزراوەتەوە بۆ سستى دلێ، پێی دەوترێ "دلێ شكاو" یاخود سستى دڵ بەهۆى ستریس و دڵەڕاوكیێTokotsubo cardiomyopathy، ئەم حاڵەتە زیاتر دواى خەم و خەفەتێكى زۆر دروست دەبێت كە لاى چەپى دڵ دەئاوسێ و دلێ زەعیف دەكات.
هەندێ حالەتى سستى دڵ هۆكارەكەى بە نەزانراوى دەمێنێتەوە.

-كاتێك كەسێك دڵ زەغیف بێت، تووشی هەناسە توندی دەبێت، ئەم هەناسە توندیە لەوانەیە  لە ئیسراحەتا بێت یان لە كاتی رۆیشتنا یان لە كاتی پاڵ كەوتن، هەندێ لە نەخۆشەكان دەڵێن" شەوانە ٢ سەرینى بەرز دەخەمە ژێر سەرم تا خەوم لێ دەكەوێ" .
ئازارى سنگ و كۆكە و دڵەكوتیێ و ئارەقكردنەوە نیشانەى ترى سستى دڵن، هەندێ نەخۆشى تر هەست بە شەكەتى و هیلاكبون و كەمى ئیشتیهاى خواردن و لاوازبوون دەكەن. زۆر نەخۆشى سستى دڵ هەن تەنها ئاوساوى قاچیان هەیە. 

-دواى ماوەیەك لە سستى دڵ، كەسەكە هەست بە هیلاكى و شەكەتى زۆر دەكات و نانى پێ ناخورێ و لەوانەیە تووشى كەم خوێنى و بێ خەوى و خەمۆكى دەبێت، ئەو كەسانەى دڵیان زەعیفە زوو زوو توشى هەوكردنى سیەكان و ئاوساوى قاچ و ئاوساوى سك و كۆبوونەوەى ئاو لە سیەكان دەبن و پیویست دەكا داخل بن لە خەستەخانە.

-بۆ دەستنیشان كردنى سستى دڵ پێویستە نەخۆشەكە لەلایەن پزییشكى پسپۆرەوە ببینرێ كە فەحسی نیشانە زیندەگیەكانى بۆ ئەكات، پكشنینە گشتیەكانى خوێن و فرمانى گورچیلەكان و رێژەى چەوریەكان و ئەنزیمەكانى دڵ و هەندێ فەحسی تریش پێویستە. هێڵكارى دڵ و ئەشیعەى سیەكان بەشیێكى ترى پشكنینى سستى دڵە.

-باشترین پشكنین بۆ دەستنیشان كردنى سستى دڵ بریتیە لە ئیكۆى دڵ، كە هێزى  ماسولكەكانى دڵ و ئیش كردنى زمانەكان و پەردەى دڵ و زۆر شتى تریش پیشان دەدات سەبارەت بە سستى دڵ. 
هەندێ جاریش پێویستى بە ئەشیعەى تەنورى دڵ و ئەشیعەى موگناتیسى و قەستەرەى دڵ دەبێت بۆ زانینى هۆكارى سستى دڵ.

-بۆ چارەسەركردنى سستى دڵ، پزیشكى پسپۆر ئامۆژگارى نەخۆشەكە دەكات كە خوێی زیادە نەخوات "خویێ مەكە بە شتەوە و خوێ لەسەر سفرەتا نەبێت"، پێویستە خۆى بەدوور بگریێ لە زیاد خواردنى چەورى و هەوڵ بدات قەڵەو نەبێت.

زۆر لەو نەخۆشانەى دڵیان زەعیفە بە پەتا و سەرمابوون تووشى هەوكردنى سیەكان دەبن و پێویست دەكات داخڵ بن لە خەستەخانە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو نەخۆشانە خۆیان بپارێزن لە سەرما و ساڵانە كوتانی وەرزى ئەنفلونزا وەرگرن.

-سەرەکیترین چارەسەرى سستى دڵ بریتیە لە چارەسەر كردنى هۆكارى سەرەكى نەخۆشیەكە( وەكو شەبەكە و باڵون بۆ گیرانى خویێنبەرەكانى دڵ وكۆنتڕۆڵكردنى شەكرە و چارەسەر كردنى غودەى دەرەقى و وەستاندنی ئەو دەرمانەى بوەتە هۆى سستى دڵ).
بەشیێكى ترى چارەسەرەكان بریتین لەو دەرمانانەى ئاوسان و زەختى ناو دڵ كەم دەكەنەوە وناڕەحەتى نەخۆشەكە ناهیێڵن.
بە تازەکی هەندێ چارەسەرى تایبەت دۆزراونەتەوە كە ماسولكەكانى دڵ بەهێز دەكەن و سستیەكەى كەم دەكەنەوە.

هەندیێ حاڵەتى سستى دڵ پێویستى بە نەشتەرگەرى هەیە (وەكو نەشتەرگەرى چاكردنەوەى فراوانبونى زمانەكان و بڕینى زۆر ئەستوربوونى دیوارى دڵ و دانانى پاترى دڵ).

-ماوەتەوە بڵێین باشترین چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشە گەنجانەى دڵیان زۆر زەعیفە بریتیە لە چاندنى دڵ (زرع القلب) كە ئەم پرۆسەیە حساباتى زۆرى تیایە.

"هەمیشە دڵ و دەروونتان سەلامەت بێت"
د.داهات حەوێزی
پزیشکی پسپۆری هەناوی و نەخۆشیەکانی دڵ