نه‌خۆشی قولۆن:
ـكۆئهندامی هه‌رسی مرۆڤ له ده‌مه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه خواردنی لێوه ده‌چێته ژوور پاشان به سورێنچك و گه‌ده تێپه‌ر ئه‌بێت و ئه‌گات به ڕیخۆڵه باریكه كه فرمانی ئه‌وه‌یه پێكهاته به‌سووده‌كانی ناو خواردنه‌كه بمژێت و پاشماوه‌كه‌ی بنێرێت بۆ ڕیخۆڵه ئه‌ستووره و له‌وێوه له‌شێوه‌ی پیسایی له ڕێگه‌ی كۆم ده‌كرێته ده‌ره‌وه‌ی له‌ش.
ـله تێكرای ڕێڕه‌وی هه‌رس،جووڵه و گرژبوونی یه‌ك لهدوایهكی دیواره ماسولكهیهكانی ریخۆله‌كان،كه كه‌سه‌كه ئاگاداری نیه و هه‌ستی پێ ناكات،ده‌بنه هۆی پاڵ پێوه‌نانی خواردن، تێكچوونی ئه‌م جوڵه و گرژبوونه پێشبینی ده‌كرێ به‌شداری بكات له دروست بوونی نه‌خۆشی قۆلون.
نه‌خۆشی قوڵون یاخود تهیج قولونی واته Irritable bowel syndrome بریتیه له نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نی كۆئه‌ندامی هه‌رس،ئه‌وه‌نده باوه ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ ووڵات ئه‌وه دیاریكراوه نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی خه‌ڵكی ئه‌م نه‌خۆشیه‌یان هه‌یه.. زیاتر له ئافره‌تان و پێش ته‌مه‌نی 35 ساڵی سه‌رهه‌ڵئه‌دات..
ـ هه‌رچه‌نده نه‌خۆشی قۆلون زیاتر نه‌خۆشیه‌كی نادیاره و هۆكاره‌كانی زۆر به‌روون و ئاشكرایی نه‌دۆزراته‌وه، به‌ڵام تێبینی هه‌ندێ هۆكاری یارمه‌تیده‌ر كراوه كه مه‌ترسی تووشبون به‌و نه‌خۆشیه زیاتر ده‌كه‌ن.
-له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر له نیوه‌ی نه‌خۆشه‌كان دوای له‌ده‌ست دانی ئیش و كار و كێشه‌ی خێزانی یان به‌هۆی دڵه‌ڕاوكێ و سترێسێكی درێژ خایه‌ن تووشی نه‌خۆشی قۆلۆن بوون،بۆیه خه‌م و خه‌فه‌ت خواردن و كێشه‌ی ده‌روونی به یه‌كێك له هۆكاره یارمه‌تیده‌ره‌كان داده‌نرێت.
هه‌ندێ له نه‌خۆشانی تریش دوای هه‌وكردنی كۆئه‌ندامی هه‌رس به به‌كتریا یان ڤایرۆس تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه ده‌بن. هه‌ستیاری هه‌ندێ له خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر به هه‌ندێ جۆری خواردن له‌وانه‌یه ناڕه‌حه‌تیه‌كانی قولون بێنێت.ئه‌مە جگه له ئه‌گه‌ری تووشبونی ئه‌م نه‌خۆشیه له هه‌ندێ خێزاندا و له‌و كه‌سانه‌ی كه نه خۆشی گه‌نمیان هه‌یه.
له نه‌خۆشی قۆلۆن نه‌خۆشه‌كه زۆر جار دان به‌وه داده‌نێ كه ئازاری سكی هه‌یه و سكی ده‌ئاوسێ( ده‌ڵێ "سكم با ئه‌كات") و له‌گه‌ڵ تێكچوونی سووڕی پیسایی كردن واته له‌وانه‌یه قه‌بز بێت یان سكچوونی هه‌بێ یان ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك قه‌بز بێت و ماوه‌یه‌كیش سكی بچێت.هه‌ندێ حاڵه‌تیش قۆرهقۆری سك نه‌خۆشه‌كه زۆر بێزار و بێتاقه‌ت ئه‌كا. هێڵنج و تڕشهڵۆكی گه‌ده و ئازاری كۆم و میزهچۆركێ و زۆربونی غازات و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكی له‌وانه‌یه په‌یدا بێت.
ئه‌م ناڕه‌حه‌تیانه به خواردنی قورس و پاقلهمهنیهكانی وه‌كو فاسۆلیا و پاقله و نۆك و شتی سورەکراو شیر و سەوزەکانی وەکو سیر و پیاز و توور و کەوەر زیاتر ده‌بێت ، هه‌روه‌ها به خه‌م و خه‌فه‌ت خواردن ناڕه‌حه‌تیه‌كان سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن. ناڕه‌حه‌تیه‌كان به ڕۆژ زیاتره و له شه‌وان كه‌متر ده‌بێته‌وه.
-ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی قۆلۆن پێویسته لای پزیشك بكرێت كه زیاتر پشت ده‌به‌ستێ به بوونی ناڕه‌حه‌تیه‌كان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ و زیاتر.
له كاتی بوونی ناڕه‌حه‌تیه‌كانی وه‌كو كه‌مخوێنی و دابه‌زینی كێشی له‌ش و خوێنبه‌ربونی كۆم و له كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەو نەخۆشانەی پێشینەی شێرپەنجەیان هەیە لە خانەوادەکەیان وا له دكتۆره‌كه دەكات كه هه‌ندێ پشكنینی خوێن و تیشكی وه‌كو سۆنار و ئه‌شیعه‌ی میفراس و نازووری كۆم ئه‌نجام بدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشی تر جیا له قۆلۆن وەکو شێرپەنجەی قۆڵۆن و نەخۆشی گەنم و هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵەکان.
هه‌رچه‌نده نه‌خۆشی قۆلۆن نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیدار نیه و ناگوازرێته‌وه و نابێته هۆی شێرپه‌نجه و مه‌ترسی گه‌وره هه‌ڵناگرێ،به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌حه‌تیه‌كان له‌وانه‌یه نه‌خۆشه‌كه زۆر بێزار و ئیزعاج بێت و كار بكاته سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی و ڕووی نه‌یه‌ت بچێته ناو خەڵک ، وه دوور نیه ئیش وكار و په‌یوه‌ندیه كه‌سایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كز بێت به‌هۆی سروشتی نه‌خۆشیه‌كه.
-دكتۆری پسپۆر دوای دڵنیابون له‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه قۆلۆنه و نه‌خۆشی مه‌ترسیدار نیه،ده‌ست ئه‌كات به چاره‌سه‌ر.. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناڕه‌حه‌تیه‌كانی نه‌خۆشی قۆلون وا باشه نه‌خۆشه خۆی به‌دوور بگرێ له‌و جۆره خواردنانه‌ی كه غازات و سك ئاوسانه‌كه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن، به پێی تواناش خه‌م و خه‌فه‌ت خواردن كه‌مكاته‌وه، وه بۆ قهبزیهكهشی وا باشه خواردنی سه‌وزه و میوه كه ده‌وڵه‌مه‌ندن به ڕیشاڵه‌كان زیاتر كات وەکو خەیار و سێ‌و و هەرمێ و کاهوو و نەعنا و ئاو خواردنەوە.. دكتۆری پسپۆر هه‌ندێ چاره‌سه‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری سك و قه‌بزی و سكچون دائه‌نێت، هه‌روه‌ها ده‌رمانی دژی گرژبوونی ڕیخۆڵه‌كان و ده‌رمانی دژه خه‌مۆكی دائه‌نێت بۆ حاڵه‌ته‌كه.
"ته‌ندروستیه‌كی باش هیوای منە بۆ ئێوە"
د.داهات حوێزی
پسپۆڕی هەناوی شەکرە و نەخۆشیەکانی دڵ