دەست لەرزین - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 25 أبريل 2018

دەست لەرزین

هۆکارەکانی دەست لەرزین یان قاچ لەرزین:

یەکەمین هۆکار بریتیە لە هەبوونی کێشەیەک لە دەمارەکاندا کە سەرەتا دەبێتە هۆی دروستبوونی لەرزە لە دەستەکاندا و پاشان بڵاودەبێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش، لەوانە قۆڵەکان، قاچەکان و سەر. تەنانەت ئەم حاڵەتە لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر دەنگ.

گرینگترین جۆری دەست لەرزین ئەو کاتەیە کە دەستەکانت دەجوڵێنیت. بەڵام هەندێک جۆری تری دەست لەرزین هەیە کە لەحاڵەتی وەستانی کەسەکە ڕوودەدات.

هەروەها، لەرزین دەکرێت بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەکانەوە ڕووبدات؛ ئەگەر هەریەکێک لە باوان ئەم حاڵەتەی هەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە کە منداڵەکانیشیان بەهەمانشێوە دووچاری ئەم حاڵەتە ببن.

بەڵام پێویستە ئەو ڕاستیەش بزاندرێت کە ئەم حاڵەتە بەهیچ شێوەیەک مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست ناکات، بەڵام لەوانەیە حاڵەتێکی ناخۆش بێت بۆ کەسەکە.

جگە لەو هۆکارانە، هۆکارەکانی بەتەمەنداچوون و هۆکارە ژینگەییەکان دەکرێت هۆکار بن بۆ ئەم حاڵەتەدا. ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەروی ٤٠ ساڵەوەیە ئەگەری توشبوونیان بەم حاڵەتە هەیە.

هەروەها، کۆمەڵێک هۆکاری تر دەبنە هۆی لەرزین لە دەستەکان و قاچەکان

١. کەمی ڤیتامین B12 کاریگەری خراپ دەکاتە سەر دەمارەخانەکان بۆیە پێویستە ئەو خۆراکانە بخۆیت کە ئەم ڤیتامینانەی تیادایە، وەک هێلکە، ماسی، بەرهەمە شیرەمەنییەکان.

٢. ماددە کیمیاییەکان و دەرمانە پزیشکییەکان کاریگەری خراپ دەکەنە سەر مێشک و دەبنە هۆی لەرزین لە ئەندامەکانی لەشدا. بە وەستان لەبەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە، لەوانەیە لەرزینەکەش کۆتایی پێبێت.

٣. زیان گەیشتن بە دەمارەکان بەهۆی بڕین یان نەخۆشی بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی لەرزین لە ئەندامەکانی لەشدا.

٤. پەستانی دەرونی و توڕەبوون و دڵەڕاوکێ و نەخەوتنی باش دەبنە هۆی لەرزین لە ئەندامەکانی جەستە.

٥. کەمی شەکر لە خوێندا وا لەکەسەکە دەکات کە پەستانی دەرونی زیاتر لەسەر دروستبێت و دەستەکانی بلەرزێت.