ڤیتامین(D3):
ڤیتامین (D3) بە بنچینە دادەنرێت بۆ بەهێزی ئێسک ، چونکە یارمەتی وەرگرتنی (Calcium) دەدات کە لە ڕێگەی خواردنەوە دەستمان دەکەوێت، کەمی ڤیتامین (D3) پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئێسکە نەرمە و داخورانی ئێسک ، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە ڤیتامین (D3) دەورێکی گرنگ دەبینێت لە تەندروستی مرۆڤدا.
ڤیتامین (D3) لەلایەن جەستەوە دروست دەکرێت کاتێک پێست دەدرێتەبەر تیشکی خۆر ، وە بەشێوەیەکی سروشتی لە هەندێک خواردندا دەستمان دەکەوێت..
شیکاری تاقیگەیی بۆ کەمی ڤیتامین (D3):
نزیکەی %٨٠ ی ئەوانەی ئەم شیکارییە ئەنجام دەدەن کێشەی کەمی ڤیتامینەکەیان هەیە. ڕێژەی سروشتی بۆ کەسێکی ئاسایی لە نێوان (20ng/mL - 60ng/mL) دەبێت.
نیشانەکانی کەمی ڤیتامین (D3):
هەندێک جار دەکرێت کێشەی کەمی ڤیتامیینەکە هەبێت و بەڵام هیچ نیشانەیەکی نەبێت ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کەمی ڤیتامین(D3) کۆمەڵێک نیشانە بەدوای خۆیدا دێنێت وەک
■ هیلاکی وشت بيرچونه وه
■ئازاری ماسولکە و بێهێزی
■کۆڵنج
■ئازاری جومگە
■خەوی بێ ئارام
■کەمبوونی تەرکیز
■سەرئێشە
■ قەبزی یان سکچوون
ئەگەر ڕێژەی ڤیتامین (D3) زۆر کەمبێتەوە ئەوا لەوانەیە حاڵەتی تەندوستی ترسناکی بەدوادابێت:
● زیادکردنی ئەگەری مردن بە نەخۆشیەکانی دڵ.
●کەمبوونەوەی توانای زیرەکی لە لە تەمەنی کامڵبووندا.
●دەبێتەهۆی توشبوونی منداڵ بە ڕەبۆ.
● شێرپەنجە.
هۆکارەکانی کەمی ڤیتامین (D3):
*خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی کەم لە ڤیتامینەکەیان تێدایە.
*کەم بەرکەوتنی تیشکی خۆر ، یان تۆخی ڕەنگی پێست(Pigment Melanin) وادەکات پێست کەمتر ڤیتامینەکە دروست بکات.
* بوونی کێشە لە گورچیلەکاندا.
* کێشەی ڕیخۆڵەکان دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەڵمژینی ئەو بڕە ڤیتامینەی کە لە ڕێگەی خواردنەوە بەدەستی دێنین ، کێشە تەندروستیەکانی ڕیخۆڵە وەک (Crohn's Disease , Cystic Fibrosis, and Celiac Disease).
چارەسەر:
٭خۆدانە بەر تیشکی خۆر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە سەرەکی ترین ڕێگایە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ڤیتامین (D3) لە خوێندا.
٭خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڤیتامین (D3) یان تێدایە وەکو ( جگەری مانگا ، پەنیر ، زەردێنەی هێلکە ، ڕۆنی ماسی ، شیر).
٭وەرگرتنی کەپسولی تایبەت بە ڤیتامین (D3).
دەربارەی زیانەکانی زۆری ڤیتامین (D3):
زیاد بوونی ڤیتامین (D3) زیاد لە بڕی پێویست دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون ، ئەمەش حاڵەتێکە تا ڕادەیەک کەمە بەڵام لە کاتی زیاد بەکار هێنانی کەپسولی ڤیتامینەکە ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراوی بوون.
بۆیە پێویستە ( ۳ بۆ ٦ ) مانگ جارێک چاودێری ڕێژەی ڤیتامین (D3) و ئەو شیکاریانەی تر کە پەوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە پێیەوە.