پێویستە نەخۆش یان کەس و کاری نەخۆش ئەو زانیاریانە بزانن لە دوای نەشتەرگەری لەوزەتێن:
١. خواردنەوەی ئاو یان شەربەت: زۆر گرنگە ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەری.
٢. دەست کردن بە خواردن: هەرچەند زوو نەخۆش دەست بکات بە خواردن و جوین، زووتر چاك دەبێتەوە.
٣. تا: کەمێك تا لە دوای نەشتەرگەری بۆ چەند ڕۆژێکی کەم لە دوای نەشتەرگەری ئاسایی یە، ئەگەر بەرزبوو پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت.
٤. دەست کردن بە کاری ئاسایی یان چوون بۆ قوتابخانە دەکرێت هەر کاتێك نەخۆش ئازاری نەبوو و بە شێوەیەکی ئاسایی خەوت و نانی خوارد.
٥. پرخە پرخ لەوانەیە هەبێت دوای نەشتەرگەری بەلام دوای چەند ڕۆژێك نامینێت.
٦. پەردەیەکی سپی دروست دەبێت لەسەر شوێنی نەشتەرگەری، کە شتێکی ئاسایی یە دوای ١٠ ڕۆژ بۆ دوو هەفتە نامینێت.
٧. خوێن بەربوون: یەکێکە لە مەترسیدارترین شت کە ئەگەر ڕووبدات لە دوای نەشتەرگەری، لە دوای نەشتەرگەری راستەوخۆ تا دوای ٢٤ کاتژمێر، دوای ئەو کاتە مەترسیەکەی کەم دەبێتەوە. منداڵ زیاتر مەترسی هەیە لە گەوران.
پێویستە بە خێرایی پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکەیت یان بڕۆیت بۆ نزیکترین نەخۆشخانە.
٨. ئازاری دوای نەشتەرگەری: هەموو نەخۆشێك ئازاری دەبێت دوای نەشتەرگەری کەم یان زۆر، بەشێکی دەوەستێت لەسەر جۆری دەرمانەکە و دۆزەکەی.
پێدانی دەرمانی ئازار شکێن زۆر پێویستە دوای نەشتەرگەری بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانێت بە زوویی دەست بکات بە خواردن و چاك ببێتەوە. هەندێ نەخۆش هەست بە ئازار دەکەن لە گوێ ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشتەرگەریەکە نەوەکو ئیلتیهابی گوێ.
٩. هەندێ جار ڕشانەوە ڕوو دەدات لە دوای نەشتەرگەری بۆ یەك دوو جار و بە زوویی دەوەستێت.