✅✅هەموو شتێك دەربارەی بەکتریای گەدە
بەکتریای گەدە ئازاری درێژخایەنی سک دروستدەکات
د. جوتیار عزیز حسێن*
بەکتریای گەدە چییە؟
بەکتریای گەدە h. pylori یان helcobacter pylori بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٣ لە لایەن پزیشکێک و بایۆلۆجستێکەوە دۆزرایەوە، ئەو بەکتریایە کە بە نزیکەیی لە گەدەی نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی بوونی ھەیە، رێگەی تایبەتی خۆی ھەیە بۆ ژیان لە ناو ئەو کەشە ترشەی گەدە.
تایبەتمەندییەکانی بەکتریاکە لە ھەبوونی پێیەکی درێژ کە یارمەتی گەیشتنی دەدات بۆ گەیشتنی بە دیواری گەدە، ھەروەھا دەردانی ئەنزیمێک بۆ ھاوتاکردنی ترشەڵۆکی گەدە و تێکدانی چڕی ماددە پارێزەرەکانی دیواری گەدە.
رێگەکانی توشبوون
نەخۆشییەکە لەڕێگەی پیسایی، دەم و دەستەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش کاتێك کەسێك دەستی بەم بەکتریایە پیسبووبێت، یان کەسەکە خۆراکێکی پیسبوو بەم بەکتریایە بخوات، ئەوا مەترسی تووشبوونی هەیە.
نیشانەکانی تووشبوون
هێڵنجدان، رشانەوە، ژانەسک، دڵەکزێ، سکچوون، برسییەتی لەبە یانیان و بوونی بۆنێکی ناخۆش لە دەم.
رێگەکانی دەستنیشانکردنی بەکتریاکە لە گەدە
گرنگترین رێگەی دەستنیشانکردنی بەکتریاکە بریتین لە:
١.پشکنینی پیسایی .stool antigen.
٢.پشکنینی لەڕێگەی ھەناسەوە Urea breath test.
٣.پشکنینی خۆین serology.
مەترسدییەکانی بوونی بەکتریای h. pylori لە گەدە
بڵاوترین ئەو نەخۆشییانەی کە بەکتریای گەدە دروستییاندەکات بریتین لە برینی گەدە، ھەوکردنی گەدە و شێرپەنجەی گەدە ئەگەر بۆماوەیەکی درێژخایەن بەردەوامبێت.
خۆپاراستن لە بەکتریای گەدە
باشترین رێگەی خۆپاراستن بریتییە لە گرنگیدان بە پاکوخاوێنی ئاو و خۆراک. دووربوون لە خۆراکی کۆن، دەستگێڕ و زۆرخواردنی خۆراکەخێرا سەرکراوەکان.
چارەسەری بەکتریای گەدە
چارەسەری پزیشکی بریتییە لە وەرگرتنی کۆرسی دەرمان کە پێکدێت لە دەرمانی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە، لەگەل دوو دەرمانی دژە بەکتریای جیاواز کە لە سەرەتادا بۆ ماوەی ١٠-١٤ رۆژ بەکاردێت، دوای ئەو ماوەیە پێویستە پشکنینی دڵنیابوون لە لەناوچوونی بەکتریاکە ئەنجامبدرێت کە دوای چوار ھەفتە دەکرێت.
کەسێک کە بیەوێت پشکنین بکات، رینمایی دەکرێت بەوەی کە بۆماوەی دوو ھەفتە ھیچ دەرمانێکی گەدە و بۆماوەی چوار هەفتە ھیچ دەرمانێکی دژە بەکتریا بەکارنەھێنێت.