کیسی هێلکەدان - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الاثنين، 3 سبتمبر 2018

کیسی هێلکەدان

ھاوڕێیان ، کیسی ھێلکەدان بابەتێکە کە زۆر پرسیاری لێوە دەکرێت و زۆرترین ئەو پرسیارانەش بۆ پەیج دێن ، دەربارەی ئەمەن 
ئەم بابەتەم دەمێکە نووسیوە و لە سەرەتای دروستکردنی پەیجەکەوە ، بڵاوم کردەوە ، بۆ ئەوەی کەسی زیاتت بیبینێت دووبارە پۆستی دەکەمەوە و ئێوەش ھاوڕێکانتان تاگ بکەن 😊
 كیسی هێلکەدان
کیسی هێلکەدان چییە؟
- کیسی هێلکەدان چەند کیسەیەکن پڕن لە شلە لە ناو هێلکەدانەکاندا یان لەسەر ڕووی هێلکەدانەکان دروست دەبن. زۆر لە ئافرەتان کیسی هێلکەدانیان بۆ دروست دەبێت لە ماوەی ژیانیاندا . ئیتر بە شیوەیەکی گشتی ئەم کیسانە دوو جۆرن ، هەندێکیان بێ زیانن  بە جۆرێ ئافرەتەکە بە ئەستەم هەست بە ئازارەکەی دەکات ، زۆربەی ئەم کیسانە خۆیان بێ وەرگرتنی هیچ چارەسەرێک دیار نامێنن.بەلام هەندێ کیسی تر چەندین نیشانەی توند و مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

نیشانەکانی بوونی کیسی هێلکەدان چین؟
- میزکردنی زوو زوو ، چونکە میزڵدان توانای هەڵگرتنی میزی وەکو باری ئاسایی نابێت.
- ئازار لە مەنتیقەی حەوزدا بەر لەوەی سوڕی مانگانەی ئافرەتەکە دەست پێبکات یان بە کۆتا بێت.
- بوونی ئازار لە کاتی جووتبووندا .
- ڕشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن.
- ئازاری مەمک لە کاتی پەستان خستنە سەری.
- هەڵئاوسانی سک.
هۆکارەکانی پەیدابوونی کیسی هێلکەدان چین؟
- زۆربەی کیسی هێلکەدان بەهۆی سوڕی مانگانەوە پەیدا دەبێت ، ئەم کیسانە پێیان دەوترێت فەنکشناڵ سستس، بە شیوەیەکی ئاسایی ، هەر مانگێک لە هێلکەدانەکاندا پێکهاتەیەکی شیوە توورەگەیی کە پێی دەوترێ فۆلیکڵ یا چیکڵدانە پەرە دەسەنێ ، ئەم فۆلیکڵانە هێلکە تێیاندا گەشە دەکات و هؤڕمۆنە مێینەکانی وەکو ئیستڕۆجین و پڕۆجیستڕۆن دەردەدەن کە ئیستڕۆجین دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی هۆڕمۆنی LH و ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینی ئەم چیکڵدانەیە و هێلکە پێگەشتووەکەی ناوی دەردەپەڕێتە دەرەوە ، ئیتر ئەم هێلکەیە دەردەدرێتە ناو جۆگەکانی فاڵوپەوە بۆ ئەوەی بەر تۆو بکەوێت و بپیتێنرێت. ئیتر ئەم فۆلیکڵەی کە تەقیوە گەشە دەکاتەوە و پەرە دەسەنێ و دەبێت بە کۆرپەس لیوتیەم یان تەنە زەردە .ئیتر ئەم تەنە زەردە بڕەیەکی زۆر لە هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن دەردەدات ، هەندێ جار لەگەڵ ئەوەی ئەو دەرچەیەی هێلکەکە لێوەی دەرپەڕیوە دادەخرێتەوە بەڵام هەندێ شلە لەناو فۆلیكڵەکەدا کۆدەبیتەوە و وا لە تەنە زەردە دەکات پەرە بسەنێ و گەورە و فراوان ببێ و ببێت بە سست ، ئەم سستانە عادەتەن بێ زیانن و کەم دەبنە هۆی ئازار وە لەگەڵ دوو بۆ سێ سوڕی مانگانەدا نامێنن . بەڵام هەندێ سستی تر پەیوەندیان نییە بە سوڕی مانگانەوە ، لەوانە :
- دێرمۆید سستس : ئەم سستانە موو و ددان و ئێسک و چەندین شتی تریان تێدایە ، بەڵام بە دەگمەن شێرپەنجەیین.
- سستادینۆماس : ئەم سستانە لە شانەکانی هێلکەدانەکانەوە پەرە دەسەنن و هەڵدەئاوسێن بەهۆی بوونی شلەیەک یان ماددەیەکی لینج تێیاندا.
- ئیندۆمیتریۆماس : ئەم سستانە پەرە دەسەنن بەهؤی ئیندۆمیتریۆسس کە تێیدا هەندێ لە خانەکانی منداڵدانی ئافرەتەکە لە دەرەوەی منداڵداندا پەرە دەسەنن و سست دروست دەکەن ، ئیتر هەندێ جار ئەم سستە دەبەسترێ بە هێلکەدانەکانەوە و گەشە دەکات . هەندێ جار هێلکەدان لە شوێنی ئاسایی خۆی کە حەوزە لا دەچێ و دەجوڵێت بە هۆی گەورەبوونی دێرمۆید سست و سستادینۆماس ، ئەمەش ئەگەری لوول خواردنی هێلکەدان زیاد دەکات کە پێی دەوترێ  خواربوونەوەی هێلکەدان یان ئۆڤەریەن تۆرشن.
-  بە شێوەیەکی گشتی ئەو سستانەی کە بە شلە پڕن ئەمانە شێرپەنجەیی نین بەڵام ئەوانەی کە بە شلە و ماددەی ڕەق پڕن ئا ئەمانە شێرپەنجەیین.
ئەو تێستانەی کە پێویستە بکرێن چین؟
- تێستی دووگیانی.
- سۆنار.
- لاپارۆسکۆپی : لاپارۆسکۆپ دەخرێتە ناو سکی ئافرەتەکە و دەتوانرێ سەیری هێلکەدان و منداڵدان و .... هتد ی ئافرەتەکە بکرێت و گەر سست هەبوو لاببرێت.
-  سی ئێی ١٢٥ بڵەد تێست.
 چارەسەری کیسی هێلکەدان چییە؟
- چارەسەرەکە دەوەستێتە سەر تەمەن ، جۆر و قەبارەی سستەکە وە ئەو نیشانانەی کە لە ئافرەتەکەدا دەرکەوتوون.  چارەسەرەکان :
- چاوەڕێ کردن و چاودێری کردن: چاودێری قەبارەی سستەکە دەکرێت و ماوە ماوە ئەلتراساوند یان سۆنار بۆ ئافرەتەکە دەکرێت.
- بەکارهێنانی حەبەکانی مەنع.
-  نەشتەرگەری : پێویستە سستەکە لاببرێ گەر بۆ ماوەی سێ بۆ چوار سوڕی مانگانە مایەوە ، یا لە هەندێ حاڵەتدا پێوست دەکات ئەو هێلکەدانە لاببرێ کە ئەم سستەی لەسەر دروست بووە ، یا هەندێ جار دەبێت هەردوو هێلکەدان و جۆگەکانی فاڵوپ  و منداڵدانیش لاببرێن .

خۆپاراستن :
- ئەنجامدانی سۆنار زوو زوو بۆ زانینی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە هێلکەدانەکاندا ڕوودەدەن و دیاری کردنی سستەکە لە قۆناغێکی زوودا.
- ئاگادار بوون لە گۆڕانکاری لە سووڕی مانگانەدا ، بۆ نموونە دواکەوتنی سوڕی مانگانە .

 ئامادەکردنی :
پەیجی زانیاری پزیشکی