ئاوسانی هەردوو قاچ بەهۆی دەرمانی زەختەوە
دیاردەیەکی تا ڕادەیەک باو هەیە ئەویش ئاوسانی هەردوو قاچە بەهۆی بەکارهێنانی حەبی زەخت (بەرزە فشاری خوێن ) ەوە کە بریتیە لە حەبی (amlodipine ) بەتایبەت ئەگەر هاتوو ۱٠ ملغم یان زیاتر بەکارهات لە ڕۆژێکدا زۆر جار نەخۆش ئەترسێنێت و وا هەست ئەکات پەیوەندی بە سست بوونی دڵیەوە هەیە یان زەعیف بوونی گورچیلە یان نەخۆشیەکانی جگەر یان مەینی خوێن لە خوێنهێنەرەکانی قاچ و ڕان کە ئەمانە هەموویان هۆکارن بۆ ئاوسانی قاچەکان کە زۆر جار نەخۆش ناتوانێت جیایان بکاتەوە و ترسێک لای نەخۆش دروست ئەبێت
چەند ڕێگایەک بۆ ناسینەوەی ئەم حاڵە تە هەیە کە پیشانی ئەدات ئاوسانی قاچەکان بەهۆی حەبەکەوەیە نەک نەخۆشیەکی گەورە لەوانەش
۱ـ ئاوسانەکە هەردوو قاچ بگرێتەوە چونکە ئاوسانی یەک قاچ مانای نەخۆشیە
۲ـ نەبوونی هەناسە توندی بەتایبەت لە کاتی ڕاکشان و پاڵکەوتن لە شەواندا
۳ ـ نەبوونی زەردوویی و ئاوسانی سک چونکە ئەم نیشانانە واتای نەخۆشین
٤ـ نەبوونی بێڕەنگی و زەرد هەڵگەڕانی دەم و چاو کە مانای نەخۆشی گورچیلەیە لە زۆربەی کاتەکاندا
٥ـ نەبوونی سکچوونی درێژ خایەن کە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی پڕۆتین لە لەشدا و دەبێتە هۆی قاچ ئاوسان
پزیشک چەند ڕێگایەکی لەبەردەستدایە بۆ ناسینەوەی حاڵەتەکە لەوانە :
۱ـ گفتوگۆ کردن لەگەڵ نەخۆش سەبارەت بە نیشانەکانی کە هەیەتی و فەحسی کلینیکی نەخۆشەکە کە ئەمە سەروو ٪ ۷٠ دەمانگەیەنێتە ئەنجام و گرنگترینە
۲ـ ئەنجام دانی چەند فەحسێکی خوێن وەکو ئیشکردنی گورچیلە و جگەر و ئەندامەکانی تر یاخود پشکنینی میز و هەندێجار پیسایی
۳ـ ئەنجام دانی هێڵکاری دڵ و ئیکۆی دڵ
٤ـ ئەنجام دانی سوناری قاچ و ڕانە ئاوساوەکە بۆ زانینی بوونی خوێن مەیین لە خوێنهێنەرەکاندا
٥ـ چەند فەحسێکی تر وەکو سۆناری ناو سک و هتد .......
چارەسەر :
وەستاندنی حەبەکە بۆماوەیەک تا ئاوساویەکە چاک ئەبێت ئینجا کەمکردنەوەی بڕی حەبەکە یاخود گۆڕینی حەبەکە بۆ جۆرێکی تر
بەهیوای سودمەندی و سەلامەتیتان
دکتۆر ئاکۆ حاجی
پسپۆڕی نەخۆشیەکتوپڕەکانی هەناوو دڵ