دڕکەو مێکوتە - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الثلاثاء، 2 أكتوبر 2018

دڕکەو مێکوتە

#دڕکە_مێکوتە  (chickenpox)

 دڕکە مێکوتە :- بریتیە لە نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوە ، کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی زیپکەی سوری هەڵئاوساو کە خورانی لەگەڵە لە سەر هەموو لەش ، بە زۆری لە مناڵاندا دەردەکەوێت . 

💥 دەگمەنە ئەم نەخۆشیە زیاد لە جارێك توشی کەسێك ببێتەوە .

🔴نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە :-

ـ دەرکەوتنی زیپکە و خورانی پێست دیارترین نیشانەی ئەم نەخۆشیەن .
ـ تا .
ـ سەرئێشە .
ـ کەم بوونەوەی ئیشتیهای خواردن .

 😇 7 بۆ 21 ڕۆژ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە ، هۆکاری نەخۆشیەکە(varicella-zoster virus) لە لەش بوونی هەیە . ئەم نەخۆشیە توانای گواستنەوەی هەیە بە دوو ڕۆژ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی .

🔻 قۆناغەکانی دڕکە مێکوتە :- 

ـ گەشەکردنی زیپکەی سور یاخود پەمەیی لەسەر هەموو لەش .
ـ گۆڕانی زیپکەکان بۆ بلۆقی ئاودار . 
ـ گۆڕانی بلۆقەکان بۆ زیپکەی وشکی تۆخ (قۆناغی چاکبوونەوە) .

💡 بەڵام ئەم قۆناغانە بۆ هەموو زیپکەکان لە یەك کاتدا نیە ، ئەکرێ هەندێکی لە قۆناغی چاکبوونەوە بێت و هەندێکی دیکەی قۆناغی دەست پێك بێت . 

💡 ئەم زیپکانە 7 بۆ 14 ڕۆژیان پێویستە بۆ چاکبوونەوە .

☟ هۆکارەکانی دڕکە مێکوتە :- 

ـ ڤایرۆسی (varicella-zoster virus(VZV .
ـ بەرکەوتن لەگەڵ کەسی توشبوو ، کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشیەکە . 

📢 ئەم نەخۆشیە دەگواسترێتەوە بۆ کەسی بەرامبەر لە ڕێگەی لیك و پژمین و کۆکە و شلەی کەسی توشبوو . 

🔷 دیاری کردنی نەخۆشیەکە :- 

پێویستە لە کاتی دەرکەوتنی زیپکە لەسەر لەشی مناڵ ، یاخود لەسەر لەشی ئافرەتی دووگیان ، پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی دیاری بکات هۆکاری زیپکەکە درکە مێکوتەیە یاخود نا ، ئەویش لە ڕێگەی پشکنینی فیزیکی و تاقیکردنەوەی شیکاری . 

🚑 پێویستە لەم کاتانەدا پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکەیتەوە :- 

ـ ئەگەر هەستاری (حەساسیەت) گەیشتە چاو .
ـ ئەگەر زیپکەکان زۆر سور بوون و بە دەست لێدان ئازاری هەبوو وە گەرم بوو (نیشانەی ئەوەیە کە توشی نەخۆشیە دووەمیەکان بووە بە هۆی بەکتریاوە ) .
ـ‌ ئەگەر هەستیاریکە بووە هۆی گێژبوون یاخود تەنگە نەفەسی .  

🍼 کاریگەری درکە مێکوتە لەسەر کۆرپەلە ، ئەگەر دایکەکە لە ماوەی دووگیانیدا توشی بێت :- 

ـ کەمی گەشەی کۆرپەلە .
ـ بچوکی سەری کۆرپەلە .
ـ کێشەی چاو .
ـ کێشەی هزر و بیر . 

💉 چارەسەر :- 

1ـ چاودێری کردنی کەسی توشبوو لە ماڵەوە تا ڤایرۆسەکە سوڕی خۆی تەواو دەکات . 
2ـ دوورخستنەوەی لە خەڵکی دیکە ، بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە نەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر . 
3ـ پاك و خاوێن ڕاگرتنی توشبووەکە بۆ پاراستنی لە نەخۆشیە دوومیەکان . 
4ـ لەبەر کردنی جلی نەرم  . 
5ـ شۆردنی کەسی توشبوو لە گەرماوێکی شلەتێن . 
6ـ بڕینی نینۆکی منداڵ یاخود دەست کێش لەدەستکردنی بۆ ڕێگری کردن لە خۆ بریندار کردن بەهۆی خۆ خوراندنەوە . 
7ـ بەکارهێنانی دژە هەستاری (antihistamine) بە شێوەی مەرهەم ، بۆ کەم کردنەوەی خورانی پێست .
8ـ هەندێ کات پزیشك دژە ڤایرۆس بە توشبوو دەدات ، بەڵام ئەم دژە ڤایرۆسە بۆ چارەسەری دڕکە مێکوتە نیە ، بەڵکو تەنها بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشیەیە ،  بە کەم کردنەوەی چالاکی ڤایرۆسەکە . 

🤔  ڕێگریەکانی توشبوون بە دڕکە مێکوتە :-

ـ ڤاکسین (کوتان) :- ڤاکسینی ئەم نەخۆشیە لە 12 و 15 مانگی تەمەنی مناڵدا بۆی دەکرێت و لە چوار بۆ شەش ساڵی ژەمی دڵنیاکەرەوەی بۆ دەکرێت . 
ـ پاراستنی لە کەسی توشبوو بۆ ڕێگری کردن لە گواستنەوەی هۆکاری نەخۆشیەکە (varicella-zoster virus) .

#تەندروست_بە be healthy

ڕزگار نامیق - خوێندکاری کۆلێژی پەرستاری