دڵەڕاوکێ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأحد، 21 أكتوبر 2018

دڵەڕاوکێ

چارەسەری دڵەڕاوکێ

هەندێجار چارەسەری دڵەڕاوکێ تەنها بە ڕێنماییکردن و ڕاوێژکردن چارەسەر دەبێت، بە تایبەت بۆ ئەو دڵەڕاوکێیانەی کە کەمن و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە لەسەر ژیانی نەخۆش. ڕێنماییکردنی نەخۆش بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی بۆ شێوازێکی دروست، وەک؛ وەرزشکردن، خۆ سەرقاڵکردن، پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، و خواردنی ڕێک و خەوی دروست. هەروەها، لە ڕێگەی ڕاوێژکردن، وەک؛ دڵنیاکردنەوەی نەخۆش لە هۆکاری دەرکەوتنی نیشانەکان کە مەترسیان نیە بۆ سەر ژیان و تەنها ڕەنگدانەوەی بیری ئاڵۆز و ترس و نیگەرانیەکانن، و هەروەها دڵیناکردنەوەیان لەوەی کە ئەم حاڵەتە وا لەنەخۆش ناکات کە کۆنترۆڵی خۆی لە دەست بدات.

بەڵام هەندێجار، کاتێک نەخۆشیەکە توندە و کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی نەخۆش دروستکردووە، دەبێت پەنا ببرێتە بەر یەکێک یان زیاتر لە ڕێگەکانی چارەسەری دەرونی و یاخود بەکارهێنانی دەرمان.
سەبارەت بە چارەسەریە دەرونیەکان وەک؛ دانیشتنی قسەکردن لەگەڵ توێژەری دەرونی بۆ وەرگرتنی چارەسەری هزری و ڕەفتاری، ئەویش بە گۆڕینی هزر، ڕەفتار، و خوڵقی نەخۆشەکە بۆ حاڵەتێکی باشتر. هەروەها هەندێ کات لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی خۆخاوکردنەوە هەوڵی کەمکردنەوەی حاڵەتەکان دەکرێت، چونکە بە ئارام بونەوەی جەستە، مێشک بەرەو ئارام بونەوە دەڕوات، و هەروەها بە پێچەوانەشەوە.

ڕاهێنانی خودی وەک یۆگا و مێدیتەیشن دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت لەگەڵ بەکارهێنانی چارەسەریەکانی تر.
یەکێکی تر لە هەرە ڕێگا کاریگەرییەکان بۆ چارەسەری دڵەڕاوکێ، بریتیە لە بەکار‌هێنانی دەرمان. بەکارهێنانی دەرمانیش بە هیچ شێوەیەک ئالودەبوون دروست ناکات، و لەسەر بنەمانی ڕێکخستنەوەی دەمارەڕاگەیاندنەکانی ناو مێشک وەک؛ سیرۆتۆنین کاردەکەن، و بەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر خوڵق، خەو، خواردن، ئارەزوو، ئارامگرتن و شێوازی بیرکردنەوە دادەنێن.

د.هێمن فاتح حمەکریم
پزیشکی پسپۆڕی دەرونی