خەوی مناڵ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 8 نوفمبر 2018

خەوی مناڵ

دکتۆر گیان ئەو منداڵە تازە لە دایک بووەمان ژیانی لێ تاڵ کردووین زوو زوو خەبەری ئەبێتەوە؟؟

شێوازی خەوتنی منداڵی تازە لە دایک بوو:

منداڵی تازە لە دایک بوو خەوی زۆرە ٫ زیاتر لە ۱٦ بۆ ۱۷  کاتژمێر ئەخەوێت لە شەوو ڕۆژێکدا بەڵام کێشەی دایک و باوک ئەوەیە کە کەمتر لە ۲ بۆ ٤ کاتژمێر بەسەریەکەوە ئەخەوێت لە شەودا بێت  یان لە ڕۆژ.

بۆچی خەوی منداڵی تازە لە دایک بوو چاوەڕوان نەکراوە؟

سووڕی خەوی منداڵی تازە لە دایک بوو زۆر کورت ترە بە بەراورد بە تەمەن گەورەتر  ٫ هەوەها جۆری خەوەکەشی ( خەوی جوڵەی خێرای چاو ) جیاوازە ٫ چونکە ئەو جۆرە خەوە بۆ گەشەی مێشک لەو تەمەنەدا زۆر گرنگ و پێویستە.

لە تەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە منداڵەکە جۆری خەوەکەی ئەگۆڕێت بە جۆرێک لە ڕۆژدا کەمتر ئەخەوێت و خەوی شەوی زیاد ئەکات ٫ زۆربەی منداڵ لە تەمەنی ٤ بۆ ٦ مانگی خەوی شەویان بۆ ۸- ۱۲ کاتژمێر زیاد ئەکات.

چۆن ئەتوانیت خەوی منداڵەکەت باش بکەیت؟

۱- زۆربەی منداڵ لە تەمەنی ٦-۸ هەفتە لە توانایدا نیە بۆ زیاتر لە ۲ دوو کاتژمێر بەخەبەر بێت ٫ بۆیە ئەگەر هەوڵ بدەیت بۆ ماوەیەکی زیاتر بەهەڵساوی بیهێڵیتەوە ٫ ئەوا زۆر ماندوو ئەبێت و خەوی لێ تێک ئەچێت.

۲- هەوڵ بدە کە یارمەتی منداڵەکە بدەیت کە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا توانای جیاکردنەوەی شەوو ڕۆژی هەبێت ٫ چۆن؟

ئەو جیاکردنەوەیە تا تەمەنی ٤ هەفتە زۆر گرانە بەڵام لە دوای ئەو تەمەنەوە ئەو کاتانەی کە لە ڕۆژدا بەخەبەرە یاری زۆر لەگەڵ بکەیت و ماڵەکەت بە  ڕووناکی بهێڵەرەوە و پەردەی پەنجەرەکانی ماڵەوەت لابدە ٫ هەوڵ مەدە دەنگە دەنگی خۆت و ئامێرە کارەباییەکان یان مۆسیقا کەم بکەیتەوە ٫ بەڵام هەر کە ئێوارە هات ماڵەکەت تاریک بکەو بێ دەنگی و هادیئی ماڵەکەت بپارێزەو یاری لەگەڵ منداڵەکەت مەکە( فەرمووش لەکەس مەکە بۆ ماڵەوەت واتە میوانداری مەکە لەو تەمەنەی منداڵەکەت).

۳- هەوڵ بدە لە منداڵەکەت تێبگەیت ٫ چۆن؟
ئەبێ نیشانەکانی ماندوو بوونی منداڵەکەت بناسیتەوە وەکو گوشینی چاو ٫ ڕاکێشانی گوێچکە ( بەداخەوە زۆربەی دایک و باوکی کورد وا ئەزانن کە ئەمە نیشانەی هەوکردنی [التهابی] گوێچکەیە) ٫ زۆرتر خەواڵوو دیار بوو.
ئەگەر تێبینی ئەو نیشانانەت کرد هەوڵبدە یەکسەر منداڵەکە بخەیتە جێگەی خەوتنەکەیەوە.

٤- هەوڵ مەدە شێوازێکی تایبەتی بۆ خەوتن وەک لە باوەش گرتن تا ئەخەوێت یان مۆسیقا یان هەر جۆرێکی تر کە لە داهاتوودا نەتوانیت بیکەیت چونکە کە گەورەش بوو هەمان شێوازی ئەوێت بۆ خەوتن بۆیە باشترە پێش ئەوەی بخەوێت بیخەیتە جێگای خەوەکەیەوە.

تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی زۆرترین دایک و باوک سوودی لێ ببینن.

د.پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان