غازاتی منداڵی تازە لەدایكبوو چییە، هۆکار و چارەسەرەکانی
كۆلیك یان غازاتی منداڵی تازە لەدایكبوو، حاڵەتێكە دەبێتە هۆی گریانێكی زۆر لە منداڵەكەدا بۆ زیاتر لە ۳ كاژێر لە رۆژێكدا و زیاتر لە ۳ رۆژ لەهەفتەیەكدا و بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە كە ئەمەش یاسای ژمارە ۳ ی پێ دەگوترێت.
نزیكەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە دەبن، زۆربەی كات لە ئێوارە و شەودا واتە پێش نیوە شەو روو دەدات و لەتەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتەدا بڕی ئەو گریان و غازاتە دەگاتە لووتكە.
هۆكارەكانی زیادبوونی ئەم جۆرە غازاتە
هەرچەندە هیچ هۆكارێكی دیاری كراوی نییە، بەڵام ئەم خاڵانەی كە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەكرێت لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بكەن:
۱- باش پێنەگەیشتنی سیستمی مێشك و دەمار.
۲- هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
۳- ئەو منداڵانەی كە شیری دایكیان دەخۆن لەوانەیە هەندێك خواردن كە دایكی دەیخوات هۆكار بێت بۆ زیادبوونی غازات.
٤- ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو دەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەكەیان پێ نەكەوێت.
٥- زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.
٦- ئەو دایكانەی كە جگەرە لە كاتی سكپرییەكەیان دەكێشن رێژەی غازات لە منداڵەكانیاندا دوو ئەوەندە زیاد دەكات.
۷- ئەگەر دوای شیر خواردنەكە نۆشی نەكات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش كردن.
۸- منداڵێك كە كێشی كەم بێت لەكاتی لەدایكبووندا.
۹- ئەگەر منداڵەكە برسی بێت.
۱۰- ئەگەر منداڵەكە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچكی.
ئەو هەنگاوانەی دەبنەهۆی كەمبونەوەی ئەم جۆرە غازاتە
۱- پێویستە منداڵەكە زۆر لە باوەش بگیرێت، تەنانەت ئەوكاتانەی كە ناشگری.
۲- دەتوانی بتڵێك ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت بەمەرجێك زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەكە بگەیەنێت، لەسەر سكی منداڵەكە دابنرێت.
۳- دایكی شیردەر هەوڵ بدات منداڵەكە و لایەكی سنگی بەتاڵ بكاتەوە ئینجا بیباە سەر لاكەی دیکە.
٤- هەوڵبدە دەست بەسەر سكی منداڵەكەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی كاتژمێر.
٥- ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو دەخۆن باشترە جۆری شیرەكە بگۆڕن نەوەك هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.
٦- پێویستە دایك زوو زوو منداڵەكەی بخاتە سەر شان.
۷- دایك دەتوانیت منداڵەكە لەسەر سكی بخاتە سەر قاچەكانی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا جووڵە بە قاچەكانت بكە بۆ ئەوەی ماساج بە سكی منداڵەكە بكرێت.
۸- زۆر جار منداڵ كاتێك دەیخەیتە ناو ئۆتۆمۆبێل و لەكاتی رۆیشتنی ئۆتۆمۆبێل منداڵەكە بێدەنگ دەبێت، بۆیە دایك و باوك سوودی زۆر لە ئۆتۆمۆبێل دەبینن.
چ كاتێك پێویست بە بینینی پزیشكی پسپۆڕ دەكات
هەندێك كات هەندێك نیشانە هەن كە نیشانە نین بۆ بوونی غازاتی ناوسكی منداڵ، بۆیە دەكرێت دایكان و باوكان هۆشیاربن و لەمكاتانەدا منداڵەكە نیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدەن، ئەو نیشانانەش بریتین لە:
۱- ئەگەر تای هەبێت.
۲- پیساییەكەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.
۳- رشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.
٤- ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی كەمی كرد.
#Aram_Nariman