نەخۆشی سووزەنەک(Gonorrhea) چییە؟
نەخۆشی سووزەنەک یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لەڕێگەی سێکسی نادڵنیاوە دەگوازرێتەوە لەکەشێکی تووشبوو کە هەڵگری بەکتریاکەیە بۆ کەسێکی ساغ یان تەندروست، دەبێتە هۆی هەوکردن بەهۆی بەکتریای Neisseria gonorrhoeae بەتایبەت تووشی شوێنە شێدارەکانی لەش دەبن لەوانە:
ــ بۆری میز Urethra : ئەو بۆڕیەیە لەڕێگەیەوە میزی پێ دەکرێتە دەرەوە، و چاو، قوڕگ، ئەندامی مێینەی ئافرەت(زێ)، کۆم، منداڵدان، جۆگەی فاڵووب.<br>
ئەم نەخۆشییە دەتوانرێ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە بەشێوەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەڕێی دەم، سێکس بەڕێگەی کۆم یان زێ.
باشترین شێوازی خۆپاراستن لێی ئەوەیە سێکس لەگەڵ تەنها کەسێک(Monogamy) بکرێ واتە سێکسی دڵنیا کە ئەویش لەڕێگەی زەواجەوە دەبێت، وە بەکارهێنانی کۆندۆم، وە پاک و خاوێنی جەستە لە هەردوو ڕەگەزدا یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆپاراستن لێی.
نیشانەکانی نەخۆشی سووزەنەک (gonorrhea)؟
پاش تووشبوون کەسی هەڵگری بەکتریا نیشانەکانی لەنێوان 2 بۆ 14 ڕۆژ تیادا دەرەکەوێت، وە هەندێکیشیان هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆیان نابێ، ئەوەی گرنگە ئێمە بیزانین و لەبیرمان بێت ئەوەیە هیچ نیشانەیەکی نییە لەکاتی سەرەتای توشبوون، نیشانەکانیش لە هەردوو ڕەگەزدا جیاوازن:
●نیشانەکانی لە پیاو: نیشانەکانی لە پیاواندا درەنگتر دەکەوێت لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێ، وە ئەگەری هەیە هیچ نیشانەیەکیشی تیا دەرنەکەوێ، گرنگترین نیشانەشی کە هەستی پێ بکرێ سووتاوەنەوەو ئازارە لەبۆری میزەڕۆیە لەکاتی میزکردندا، چەند نیشانەیەکیش پاشتر دەرەکەون لە باوترینیان:
ــ زۆر میزکردنی یەک لەدوای یەکە.
ــ هاتنە دەرەوەی ئیلتیهابە لەگەڵ میز لە شێوەی سپی، زەرد، بێجی یان سەوزێکی کاڵ.
ــ هەڵئاوسان و سووربوونەوەی دەوری ئەندامی نێرینە.
ــ هەڵئاوسان و ئازاری هەردوو گونەکان.
ــ بە بەردەوامی سووربوونەوەی قوڕگ و ئاوسانی.
پاش چارەسەری تەواوی و چاکبوونەوەی بەکتریاکە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەناو لەش دەمێنێتەوە، و لەوانەیە زیانیشی بۆ لەش هەبێ لەهەندێ حاڵەتدا وەکو لەسەر بۆری میزەڕۆ و گوونەکان، ئازارەکەشی دەگوازرێتەوە بۆ کۆم.
نیشانەکانی لە ئافرەتاندا: هەروەکو لە پیاواندا نیشانەکان لەسەرەتای توشبوون دەرناکەون لە ئافرەتانیش هەمان شێوەی ئەوانە، کاتێک نیشانەکان پەرەدەسێنن بۆ توندتر ئەوا ئازارێک و بێزاریەکی وای توش ئەبێ کە ناتوانرێ وەسف بکرێ، سەرەتای تەشەسەندنی وەکو کەڕوویەک یان ئیلتیهابێکی کەم دەرەکەوێ دواتر:
ــ هاتنەدەرەوەی ئاوی زێ بە شێوەی کرێمی و سەوزێکی کاڵ.
ــ ئازار یان سوتانەوە لەکاتی میز کردن، و میزکردنی زۆر.
ــ دەرکەوتنی زیپکە لەسەر ئەندامی زاوزێ.
ــ سووتانەوەی قوڕگ و تای بەرز.
ــ هەبوونی ئازارێکی زۆر لەکاتی جووتبووندا.
ــ ئازارێکی تووندی خوارەوەی سک.
زیانەکانی لەسەر لەش: ئەگەر نەتوانرا کۆنترۆڵی هەوکردنەکە بکرێ بەتایبەت لە ئافرەتاندا زیانێکی زۆرتری بەر دەکەوێ بۆ داهاتووی و مەترسی لەسەر تووشبوون بە نەخۆشی تر زیاد دەکات، لەوانە توشکردنی هەموو حەوز بە ئیلتیهاب دواتر کاریگەری لەسەر منداڵدان و جۆگەی ڤالووب و هێلکەدان دەکات لەگەڵ تەشەنەکردنی ئیلتیهابەکە ئازرێکی زۆر پەیدا دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوبردنی ئەندامەکانی زاوزێ، بەهۆی زۆری ئیلتیهاب لە جۆگەی ڤالووب ڕێگە لە دروست بوونی منداڵ دەگرێ، یانیش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵ لەدەرەوەی منداڵداندا دروست ببێ کە پێی دەڵێن(ectopic pregnancy)، وە ئەم نەخۆشیە لە دایکی توشبوو بۆ منداڵەکەی دەگوازرێتەوە.
هەروەها لە پیاوانیش دەبێتە هۆی دروست بوونی نەزۆکی، لەهەردوو ڕەگەز ئەگەر هەوکردنەکە چووە ناو لوولەکانی خوێنەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی جومگە، تێکشکاندنی زمانەکانی دڵ و هەوکردنی پەردەی مێشک یان دڕکەپەتک.