چەن زانیارییەک لەسەر قنچکەسڵاوە (Sty، ستای) کە لە پەیجی سەنتەری (بێست ڤیژن)ەوە وەرگیراوە:
ئەتوانرێت بوترێت کە قنچکەسڵاوە وەک زیپکەیەک یان قنچەیەک دەرئەکەوێت لەسەر پێڵوی چاوەکان.
ھۆکاری دروست بوونی لە زۆربەی کاتەکاندا ئەگەڕێتەوە بۆ بەکتریایەک بە ناوی (ستافیلۆکۆکەس).
کاتێک ئەو چەورییە ڕژێنانەی کە لەسەر پێڵوی چاوەکان ھەن، تووشی ھەوکردن ئەبن بە ھۆی ئەم بەکترییایەوە ئەوا قنچکەسڵاوە دروست ئەبێت. وا باس ئەکرێت کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم بەکترییایە لە ڕێگەی لوتەوە ئەگوێزرێتەوە بۆ چاوەکان، کاتێک کە کەسێک دووای ئەوەی دەست لە لوتی ئەدات و پاشان دەست ئەیات لە چاوەکانی.
ئەم بەکترییایە تەنانەت بوونی ھەیە لەسەر چاوەکان و زۆربەی بەشەکانی تری لەش بە بێ زیان، بەڵام لە ھەندێک کاتدا لە دژی مرۆڤەکە ئیش ئەکەن و ھەوکردن دروست ئەکەن.
نیشانەکانی:
ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەسەر پێڵوی چاوەکە لەو شوێنەی کە چەورییە گلاندەکە توشی ھەوکردن بووە. لە ھەمان کاتدا قنچکەیەک دروست ئەبێت لەو شوێنەدا.
ڕەنگە ببێتە ھۆی ھەستیاری بۆ ڕووناکی، واتە کەسەکە بە ڕووناکی بێزار ئەبێت و ھەروەھا لەوانەیە ئاوکردنی چاو زۆر ببێت.
ئایا قنچکەسڵاوە ئەگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر ؟
ھەموو مرۆڤەکان بەکتریای ستافیلۆکۆکاڵ لەسەر لەشیان ھەیە بە بێ ئەوەی زیان بگەیەنێت. بەڵام کاتێک کەسێک تووشی قنچکەسڵاوە ئەبێت بە ھۆی ئەم بەکترییایەوە، ئەگەری زۆری ھەیە کە کەسێکی تریش تووش بکات، ئەویش لە ڕێگەی خاولی و سەرین و شوێن نوستنی کەسی تووش بوو. لەبەر ئەوە زۆر پێویستە کەسی تووش بوو دەستی بشوات کاتێک کە دەستی ئەیات لە چاوی بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆکارێک بۆ گواستنەوە.
چارەسەر:
ھەنێک کات قنچکەکە خۆی ئەتەقێت و ماددە ھەوکردووەکەی ناوی یەتە دەرەوە.
ڕەنگە پێویست بە بەکارھێنانی دەرمانی دژە ھەوکردن بکات بەشێوەی قەترە و مەرھەم.
ئەتوانرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی پەڕۆی پاک گەرم بکرێت و بخرێتە سەر چاوەکە.
ھەندێک کاتیش لەوانەیە پێویست بەوە بکات کە پزیشکی چاو بە نەشتەرگەری بچووک قنچکەکە بتەقێنێت و ماددە ھەوکردووەکەی لێ بێنێتە دەرەوە.
بەڵام ھەرگیز خۆت ھەوڵی ئەوە مەیە کە قنچکەکە بتەقێنیت چونکە ئەمە نەخۆشییەکە قورستر ئەکات و ڕەنگە ھەوکردنی زیاتر دروست بکات.
بە ھیوای تەندروسیەکی باش بۆ ھەمووان.