جەڵتەی چاو - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 2 يناير 2019

جەڵتەی چاو

جەڵتەی چاو

جەڵتەی چاو هەروەکو جەڵتەی مێشک وایە، یان هەموو تۆڕەی چاو ئەگرێتەوە یان بەشێک لە تۆڕەی چاو ئەگرێتەوە.
گیرانی دەماری خوێنی چاو یان یەکێک لە لقەکانی بەهۆی تۆپەڵە چەوری یان هەر هۆکارێکی تر دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خوێن لەو دەمارەدا و بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی ناو دەمارەکە و تەقینی، بەمەش خوێن و چەوری لەناو تۆڕەی چاودا بڵاوو ئەبنەوە، دواتر ئەو بەشەی تۆڕەی چاو ئەگەری هەیە توشی پوکانەوە ببێت بەهۆی نەمانی ئۆکسجینی پێویست.

هۆکارەکانی جەڵتەی چاو
۱- تەمەن:- زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توشی جەڵتەی چاو ئەبن لە سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵییەوەن
۲- بەرزی فشاری خوێن:- یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، وە ئەگەر بە باشی چارەسەر نەکرێ ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دووبارە و چەند بارەی جەڵتەی چاو
۳- بەرزی چەوری خوێن یەکێکی ترە لە هۆکارەکان
٤- نەخۆشی شەکرە
٥- حەبی دژە سکپڕی:- ژنی گەنج ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر حەبی دژەسکپڕی بەکاربهێنێ ئەگەری هەیە توشی جەڵتەی چاو ببێ
٦- ئاوی ڕەشی چاو:- بەرزی فشاری ناوچاو ئەگەری هەیە ببێتە هۆی جەڵتەی گشتی چاو
۷- جگەرەکێشان:- بە تابیەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر و ڕێژەیەکی زۆر بکێشرێت
۸- چەندین نەخۆشی تر هەن کە هۆکاری هاندەرن بۆ توشبوون بە جەڵتەی چاو، وەکو: نەخۆشی بەهچەت و پەککەوتنی گورچیلە و غوددەی ناچالاک و وشکبونەوەی جەستە و چەندین نەخۆشی تر
۹- شیوازی ژیان:- جوڵەی کەم و خواردنەوە کحولیەکان بە ڕێژەی زۆر ئەگەری هەیە هۆکار بن

نەخۆش چۆن هەست ئەکا توشی جەڵتەی چاو بووە؟

٭ نیشانەکانی جەڵتەی چاو بەپێی جۆری جەڵتەکە ئەگۆڕێ، ئەگەر جەڵتەی گشتی بێت، ئەوا نەخۆش هەست ئەکا لەپڕ بینایی ئەوچاوەی نامێنێ و پەردەیەک بەسەرچاویدا هاتووە، بەبێ ئەوەی ئازاری هەبێ.
٭ بەڵام ئەگەر یەکێک لە لقەکانی دەماری خوێنی تۆڕەی چاو جەڵتە لێیدابێ، نەخۆش هەست ئەکا کتوپڕ بینایی ئەو چاوەی تەڵخ بووە، لێڵبوونەکەش بەندە بە ڕێژەی توندی و شوێنی جەڵتەکە، ئەگەر ناوەڕاستی تۆڕەی چاوی گرتبێ تەڵخبوونەکە زۆرترە، ئەگەر مولوولە خوێنەکانی لێواری تۆڕەی چاوی گرتبێ بینایی چاوەکە گرفتی نابێ.
٭ هەندێ جار شتەکان بەخواروخێچی ئەبینێ و پانتایی بینایی کەم ئەبێتەوە، واتە ناوەڕاستی بینایی ئەو چاوەی ڕوونە بەڵام چواردەورەکەی تەڵخە، وە ئەگەر سەنتەری  تۆڕەی چاوی گرتبێ ئەوا بە پێچەوانەوەیە، ناوەڕاست تەڵخە و چواردەورەکەی ڕوونە.

چارەسەری جەڵتەی چاو: 

× زۆرجار بەبێ هیچ چارەسەرێک لە ماوەی ۳ بۆ ٦ مانگ بەشێکی زۆری تۆڕەی چاوەکە ئەگەڕێتەوە باری ئاسایی و بینایی چاوەکەش باشتر ئەبێ بەڵام وەکو پێشوتری لێ نایەتەوە.
× ئەگەر هەڵاوسانی سەنتەری تۆڕەی چاو ڕوویدابوو پێویستی بە لەیزەر و دەرزی ناو چاو هەیە لە جۆری ستیرۆید یان ئەڤاستین یان لیوسێنتس، وە لەوانەیە چەند جارێک پێویستی بەم چارەسەرییانە هەبێ.
× ئەکەر مولولەی نائاسایی و خوێنبەربوونی شلەی شووشەیی ڕوویدابوو، پێویستی بە نەشتەرگەری شلەی شوشەیی هەیە.
× هەریەک لەو هۆکارانەی کە پێشتر باسمان کرد ئەبنە هۆی جەڵتەی چاو ئەبێ چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێ.
× دوای چارەسەری سەرەتایی، نەخۆشە ئەبێ بۆ ماوەی ٦ مانگ هەموو مانگێک لەلایەن پزیشکی چاو ببینرێت و پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت، وە ئەگەر پێویستی کرد هەمان چارەسەری پێشوو دووبارە بکرێتەوە.

دکتۆر ماکۆک محمد
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو
Makok Muhamad