کاریگەری شاشەی مۆبایل لەسەر چاوی مناڵ
بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی شاشەی مۆبایل و تابلێت و ئامێرەکانی تر لەلایەن مناڵەوە بگاتە زیاتر لە دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا زیانی بۆ چاو و تێکڕای جەستەی ئەبێت. وەکو:
۱-- وشکبوونەوە و کزانەوەی چاو، چاوتروکاندنی زۆر، سوربوونەوەی سپێنەی چاو، هەستیاربوون بە ڕووناکی و چەندین گرفتی تر.
۲-- سەرئێشە و توندبوونی نێوچاوان.
۳-- ئازاری شان و مل
٤-- نەمانی حەزی تێکەڵبوونی مناڵانی تر و کەمبوونەوەی جوڵە و یاریکردنی
٥-- گۆڕانی تەبیعەت و هەڵسوکەوتی و زوو هەڵچوون
٦-- نەمانی توانای تەرکیزکردن و گوێگرتن، بەمەش ئاستی تێگەشتن و فێربوونی لە قوتابخانە کەم ئەبێتەوە.
شاشەی ئامێرە زیرەکەکان بە چەند شێوازێک زیان بە چاوی مناڵ ئەگەیەنن:
× بەهۆی دەرچوونی تیشکی زیانبەخش لە شاشەکانیانەوە
× بەهۆی بەکارهێنانیان بۆ ماوەیەکی زۆر
× بەهۆی لە نزیکەوە سەیرکردنیان
× بەهۆی درەنگ خەوتنیان
تیشکی شینی شاشەی لید زیانی هەیە، چونکە وزەیەکی زۆری تێدایە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت ئەگەری هەیە گرفت بۆ تۆڕەی چاو درووست بکات، وە تیشکی شین (blue light) کاتژمێری بایۆلۆجی مێشک تێک ئەدات، بەمەش کاتی خەو و هەستان تێک ئەچێت و کاریگەری خراپی بۆ هەموو جەستە ئەبێت.
تیشکی شین لە ڕووناکی خۆریشدا هەیە و هەمان زیانی ئەبێت ئەگەر ڕۆژانە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمی خۆردا بمێننەوە.
بۆ خۆپاراستن پێویستە بەکارهێنانی شاشە کەم بکرێتەوە و چاویلکەی دژە تیشکی شین بەکاربهێنرێت. وە لەکاتی چوونە دەرەوەش چاویلکەی فۆتۆ یان پۆلەرایز بەکاربهێنرێت.
لە ئێستادا هەندێک لە ئامێرەکان ئۆپشنێکیان داناوە لەسەری نوسراوە (blue light filter) بە چالاککردنی ئەوە کاریگەری تیشکی زیانبەخش کەم ئەبێتەوە، یان کەڤەرێکی تایبەت هەیە دژە تیشکە و ئەدرێت لە شاشەی مۆبایل و تابلێت.
دکتۆر ماکۆک محمد
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو