#گورچیلەکان لە کوێدان و چۆن کار دەکەن؟
گورچیلە هێندەی قەبارەی مستەکۆڵەیەکە و ژمارەیان دوو دانەیە. هەریەکەیان دەکەوێتە لایەکی بڕبڕەی پشت لە ئاستی خوارەوەی قەفەزەی سنگ.
گورچیلەکان ڕۆژانە ۲٠٠ لیتر لە خوێن دەپاڵێون و لەو ڕێژەیەش تەنها ۲ لیتر لە میز جیادەکەنەوە و ١٩٨ لیترخوێنی پاڵێوراودەگەڕێننەوە بۆ سوڕی خوێن. لەشی مرۆڤ بەبێ گورچیلە ناتوانێت لە ژیان بەردەوام بێت، دوای پاڵاوتنیش میزی کۆکراوە لە میزەڵداندا کۆ دەکرێتەوە و ١-٨ کاژمێر لەوێدا دەمێنێتەوە.
گورچیلەکان بۆچی هێندە گرنگن؟
زۆر کەس وا تێگەیشتوون، کاری گورچیلە تەنها جیاکردنەوەی پاشماوەی مادەکانە کە لەش کاری پێی نییە، لەگەڵ دەرکردنی ئاوی زیادی لەش، هەر چەندە ئەوانە بەشێکی گرنگی ئیشەکانی گورچیلەن، بەڵام کۆمەڵێک کاری گرنگی تر ئەنجام دەدەن وەک:
* دەرکردنی مادەی پاشماوە لە کارلێکی خانەکانی لەش.
* دەرکردنی دەرمانی بەکارهاتوو.
* پاراستنی هاوسەنگیی ئاو و خوێ و دەرکردنی زیادەکان.
* دەردانی هۆڕمۆن بۆ ناو خوێن کە پەستانی خوێن ڕادەگرێت.
* ڤیتامینD چالاک دەکات، تاکو بەکاربێت بۆ پتەوکردنی ئێسک.
* کۆنترۆڵکردنی دروستکردنی خوێن لە مۆخی ئێسک.
ئەو کەسانە کێن کە مەترسیی توشبوونیان هەیە بە نەخۆشییەکانی
گورچیلە؟
ئەو کەسانەی مەترسیی توشبوونیان هەیە بە نەخۆشیی سستبوونی گورچیلەی درێژ خایەن:
* توشبووانی نەخۆشیی شەکرە.
* بەرزیی پەستانی خوێن.
* نەخۆشیی دڵ.
* جگەرە کێشان.
* قەڵەوی.
* بەرزیی ئاستی کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا.
* کەسانی توشبوو بە نەخۆشیی گورچیلەی درێژخایەن لە مێژووی خێزانەکەدا.
* کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و گەورەتر.
چۆن بتوانم کاری گورچیلەکان ئاسان بکەم؟
1. چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە و دڵ و بەرزیی پەستانی خوێن.
2. کەم خواردنی خوێ.
3. ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو.
4. خۆپاراستن لە کۆکردنەوەی میز و میز نەکردن.
5. بەکارهێنانی خۆراکی بەسوود، وەک ماسی و دانەوێڵە و سیر و کەرەوز لەگەڵ
میوەی وەک شوتی و پرتەقاڵ و لیمۆ.
6. خواردنەوەی بە سوودی وەکو شەربەتی میوە و ئاوی گوێزی هندی.
7. دوور کەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و خواردنەوەی مەی.
8. وەرزش کردنی ڕۆژانە.
9. دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنان یان زیاد بەکارهێنانی دەرمان بەبێ ئامۆژگاریی پزیشک، چونکە گورچیلە بەشدارە لە دەرکردنی دەرمانەکان لە ناو خوێندا.