دابەزینی شەکر - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 5 أكتوبر 2018

دابەزینی شەکر

دابه‌زینی شه‌كری خوێن:
ـ خۆراكی سه‌ره‌كی خانه‌كانی مرۆڤ بریتیه‌ له‌ شه‌كری گلوكۆز بۆ ئه‌نجامدانی فرمانه‌كان، كاتێك خواردن ئه‌خورێت،شه‌كری گلوكۆز له‌رێگه‌ گه‌ده‌ و ڕێخۆڵه‌كانه‌وه‌ ده‌مژرێ و ئه‌چێته‌ خوێنه‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ بۆ خانه‌كانی له‌ش.. ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ی كه‌ خوراه‌وه‌ زیاتر بوو له‌ پێویستی له‌ش،ئه‌وا گلۆكۆزه‌ زیاده‌كه‌ ئه‌چێته‌ ناو جگه‌ر و ماسولكه‌كان،له‌وێ خه‌زن ده‌كرێن بۆ كاتی پێویست..
 كاتێك ئاستی شه‌كر له‌ناو خوێندا دائه‌به‌زێ و له‌ش پێویستی پێی ئه‌بێ، هۆرمۆنێكی تایبه‌ت هانی جگه‌ر ئه‌دا بۆ ده‌ركردنی گلۆكۆزه‌ خه‌زنكراوه‌كه‌ بۆ خوێن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شه‌كری خوێن بۆ ڕاده‌ی ئاسایی و سوود لێوه‌ وه‌رگرتنی له‌لایه‌ن له‌شه‌وه‌.. له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست ڕوونادات،له‌ ئه‌نجامدا دابه‌زینی شه‌كری خوێن ڕووئه‌دات.

ـدابه‌زینی شه‌كری خوێن به‌ ئاستی گلوكۆز له‌ خوێندا به‌ كه‌متر له‌ 50 ملگم/دلتر پێناسه‌ ده‌كرێ، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی و باری ته‌ندروستی كه‌سه‌كه‌ وه‌ستاوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ ناڕه‌حه‌تیه‌كانی دابه‌زینی شه‌كری خوێن له‌وانه‌یه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزتری شه‌كر رووبدات (واته‌ پێش ئه‌وه‌ی بگات به‌ 50).. دابه‌زینی شه‌كری خوێن حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن نیه‌،به‌ڵام زیاتر له‌ كه‌سانی به‌ساڵاچوو و نه‌خۆشانی شه‌كره‌ په‌یداده‌بێت..

ـزۆر هۆكار هه‌ن به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ دابه‌زینی ئاستی شه‌كر له‌ خوێندا، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ زیاتر له‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ ڕووئه‌دات، ئه‌ویش به‌هۆی گۆڕین یان زیادكردنی بڕی ده‌رمانه‌كانی شه‌كره‌ (زیاتر به‌هۆی به‌كارهێمانی برێكی زۆر به‌ ده‌رزی ئه‌نسۆلین)،هه‌وكردنێكی سه‌خت،گۆڕینی سیسته‌می پاڕێزی شه‌كره‌ و نه‌خواردنی نان، زیادبوونی چالاكی له‌ش و وه‌رزشكردنێكی زۆر.
ـ
هۆكاره‌كانی تر بۆ نه‌خۆشی دابه‌زینی شه‌كر وه‌كو زۆر خواردنه‌وه‌ی مه‌ی، لابردنی به‌شێكی كۆئه‌ندامی هه‌رس به‌ نه‌شته‌رگه‌ری ،نه‌خۆشی جگه‌ر(وه‌كو له‌كاركه‌وتنی جگه‌ر)،نه‌خۆشی سستی گورچیله‌ ولەكاركەوتنى رژێنه‌كانی سه‌ر گورچیله‌ و گرێی په‌نكریاس و گریێی ژێر مێشكه‌ رژێن و هەوكردنی سەختی خوێن، و به‌كارهێنانی هه‌ندێ داووده‌رمانی وه‌كو ده‌رمانی خه‌مۆكی و ده‌رمانی دژی مه‌لاریا، هه‌ندێكی جاریش برسیه‌تیه‌كی زۆر و درێژخایه‌ن ئاستی شه‌كر له‌ خوێن دائه‌گرێ.

ـنیشانه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌پێی سه‌ختی دابه‌زینی شه‌كری خوێن ده‌گۆڕێ..له‌ سه‌ره‌تای كه‌مبوونه‌كه‌،نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌ست به‌ برسێتی و سه‌ریه‌شه‌ و هیڵنج ئه‌كات، تووڕه‌بوون و دڵه‌كوتێ و ده‌ست له‌رزین  و ئارەقەكردنەوەی زۆر نیشانەی تری حالەتەكەیە.
ئه‌گه‌ر ئاستی دابه‌زینه‌كه‌ زیاتر بێت،ئه‌وا هه‌ست به‌ ڵێلبوونی بینین و بێهێزی و سه‌رگێژخواردن ئه‌كات.. ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرا،ئه‌وا دابه‌زینی گلۆكۆز زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێ،له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ تووشی گه‌شكه‌ و بوورانه‌وه‌ و بێهۆش بوونی بكات، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ گیانیش له‌ده‌ست بدات..

ـبه‌ پشت به‌ستن به‌ ناڕه‌حه‌تی و نیشانه‌كان و پشكنینی گلۆكۆزی خوێن (فحصی شه‌كر له‌ خوێندا)، پزیشكی پسپۆڕ ده‌ستنیشانی حاڵه‌ته‌كه‌ ئه‌كات.. هه‌ندێ جار بۆ دیاریكردنی هۆكاره‌كانی دابه‌زینی شه‌كری خوێن،هه‌ندێ پشكنینی گشتی خوێن   و پشكنینى هۆرمۆنەكانی پەنكریاس وسۆناری ناوسك و ئەشیعەى موگناتیسی  بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ ئه‌نجام ئه‌درێ..

ــچاره‌سه‌ركردنی زوو و به‌په‌له‌ی دابه‌زینی شه‌كری خوێن زۆر گرنگه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیانگه‌یاندن به‌مێشك و ئەندامەكان تر.. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌قه‌یه‌كی كه‌م دابه‌زینی شه‌كری خوێن چاره‌سه‌ر نه‌كرێ،له‌وانه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ بكوژێ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ توانی شتێكی شیرین بخوات،وه‌كو چوكلێت یان شه‌ربه‌ت،ئه‌وا یه‌كسه‌ر باری ته‌ندروستی له‌ مه‌ترسی ده‌رئه‌چێ.
پزیشكی هه‌ناوی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ئه‌كات به‌ پێدانی خواردنی شیرین به‌ ده‌م و پێدانی ده‌رزی شه‌كر و هه‌ڵواسینی مغزی.. دوای جێگربوونی باری ته‌ندروستی و ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئاستی گلوكۆز،دكتۆره‌كه‌ چاره‌سه‌ری هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌خۆشیه‌كه ‌ئه‌كات.

"هەمیشە تەندروست بژین"
د.داهات حەوێزى
پزیشكى پسپۆڕى هەناوى و نەخۆشیەكانى دڵ