ئایە مەمکە ووشکە بۆ منداڵ بەکار بهێنین؟ سوودو زیانەکانی چین؟
بەکارهێنانی مەمکە ووشکە ئەکەوێتە سەر بڕیاری دایک و باوک چونکە سوودو زیانیشی هەیە ، منداڵی تازە لە دایک بوو بە سرووشتی زۆر حەزی لە کرداری مژینە تەنانەت پێش لە دایک بوونیش واتە لە سکی دایکیدا هەندێک منداڵ پەنجەیان ئەمژن.
لەم بابەتەدا هەوڵ ئەدەین سوودو زیانەکانتان بۆ ڕوون بکەینەوە.
سوودەکانی:
۱-منداڵ ئارام ئەکاتەوە ئەگەر غازاتی هەبوو یان فەحسێکی خوێنت بۆ کردبوو.
۲-زۆرجار منداڵ ئاسانتر ئەخەوێت.
٤-ڕێژەی مردنی لەناکاوی منداڵی تازە لە دایک بوو کەم ئەکات(جاران پێیان ئەووت شەوە بردوویەتەوە).
زیانەکانی:
۱- زۆرجار هۆکارە بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵ لە شیری دایک بە تایبەتی ئەگەر لە هەفتەکانی سەرەتای تەمەنی بۆی بەکار بهێنیت.
۲-لەوانەیە منداڵەکە هۆگری مەمەکە بێت و نەتوانێت وازی لێ بهێنێت ، تەنانەت شەوانە ئەگەر مەمەکەی لە دەمدا نەمێنت خەبەری بێتەوەو دەست بکات بە گریان.
۳-ئەبێتە هۆی زیادکردنی هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست.
٤-ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر بەکار هێنانی کێشەی ناڕێکی ددانەکانی بۆ درووست ئەکات.
ئەگەر بڕیارت دا بەکاری بهێنیت ،تکایە تکایە ئەم ڕێنماییانە بەهەند وەربگرە:
۱- ئەگەر شیری خۆیت پێدا تا تەمەنی ئەبێت بە ۱ مانگ بۆی بەکار مەهێنە چونکە شێوازی مژینی مەمکە ووشکە زۆر جیاوازە لە سنگی دایک بۆیە ئەگەر لە تەمەنی زووتر بۆی بەکار بهێنیت لەوانەیە تەرکی شیری دایکی بکات.
۲-هیچ کاتێک دوای گریانی منداڵەکەت یەکسەر مەمکە ووشکەکەی مەکە بە دەمەوە بەڵکو شیری پێبدەو انجا بیدەرێ.
۳-هەوڵ بدە مەمەی سیلیکۆنی یەک پارچەیی بۆ بەکار بهێنە.
٤-ئەگەر منداڵەکەت حەزی لێی نەبوو بە هیچ شێوەیەک فشاری لێمەکە بۆ بەکارهێنانی.
٥-هەوڵ بدە بە پاک و خاوێنی ڕایبگریت بەتایبەتی تا تەمەنی ئەبێت بە ٦ مانگ و سیستەمی بەرگری منداڵەکە بە تەواوی گەشە ئەکات ،ڕۆژانە چەندین جار لە ناو ئاودا بیکوڵێنە.
٦-بە هیچ شێوەیەک شیرینی یان شەکری بۆ پێوە مەکە.
۷-زوو زوو مەمەکەی بۆ بگۆڕە و قەبارەی گونجاوی بۆ بەکار بهێنە.
تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی زۆرترین دایک و باوک سوودی لێ ببینن.
ئامادەکردنی:
دکتۆر پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان
بۆرد(دکتۆرا) لە نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لەدایک بووان
بەکالۆریۆس لەپزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا
M.B.CH.B F.K.B.M.S(PED)