پاراستنی پێست لە وشک بونەوە - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 10 يناير 2019

پاراستنی پێست لە وشک بونەوە

چی بکەین بۆئەوەی پێستمان بە نەرمی و جوانی بهێڵینەوە، دوور لە ووشکبونەوە؟

ووشکبوونەوەی پێست لە پایزوزستاندا و چەند ڕێنماییەک
پایز وەرزێکە کە دەبێتە هۆی ووشکبونەوەی پێستی مرۆڤ(سووربونەوەو دەرکەوتنی توێژاڵێکی سپی ووشک وهەندێ جار قڵیشان و خورانی پێستیشی لەگەڵە) ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆکەمبوونەوەی ڕێژەی شێ وبوونی باوهەوایەکی ساردی ووشک لەم وەرزەدا.
ڕێنماییەکان:
١- بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن، چونکە ئاوی گەرم دەبێتەهۆی لابردنی چەوری سروشتی پێست و بەهۆیەوە پێست ووشک دەبێتەوە لەم وەرزەدا.
٢- بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە دوای خۆشۆردن یان شۆردنی دەست و ڕووی دەم وچاو.
٣- بەکارهێنانی پاککەرەوەیەک کە شێداری بدات بە پێست.
٤- بەکارنەهێنانی ئەو پێکهاتانەی کە ماددەی(Alcohol)یان تێدایە، بەتایبەت کە لە هەندێ جۆری پاککەرەوەی میکیاجدا هەیە.
٥- بەردەوام کرێمی شێدارکەرەوەت لێ نزیک بێت.
٦- زوو زوو خۆنەشۆردن و زۆر نەمانەوە لە گەرماودا.
٧- هەندێ کەس لە کاتی خۆ گەرمکردنەوەدا حەزدەکات دەست و پێیەکانی بخاتە ناو هیتەرو سۆپاکەوە، بەڵام نزیک کەوتنەوەی زۆر لێیان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شێداری و ووشکبونەوەی پێست.
٨- هەندێ ماددە کە بۆ چارەسەری زیپکە بەکاردێن وەک(Salicylic acid, Retinoid, Benzoyl peroxide)لە هەمان کاتدا ئەگەر ڕووی دەم و چاو ووشک بوو ئەوا دەبێت خۆ بە دوور بگیرێت لە بەکارهێنانیان، وە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاوتر.
٩- دوورکەوتنەوە لە ماددە کهولییەکان وقاوە.
١٠- خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو کە بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستییەکی باش سوودی هەیە.
لەکاتێکدا ئاو سوودی هەیە بۆ پێست ئەگەر پێست تووشی ووشکبونەوەیەکی توند بووبێت. ئەم ووتە باوەی کە دەوترێت(ئاو زۆر بخۆوە بۆ ئەوەی پێستت جوان و شێداربێت)دوورە لە ڕاستی، زۆرن ئەوانەی ڕۆژانە ئاوی زۆریش دەخۆنەوە بەڵام بەردەوام پێستیان ووشکە.
١١- وا هەستمەکە کە دژەخۆر تەنها بۆپارێزگاری تیشکی خۆرە لە هاویندا، بەڵکو دژەخۆر بەجۆرێک کە لەگەڵ ووشکی پێستتدا بگونجێت لە وەرزی پایزو زستانیشدا پێویستە.
١٢- بەکارهێنانی ئامێری شێدارکەرەوە لە ماڵەوە یان لە ئۆفیسەکتدا.

بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموولایەک.

ئامادەکردنی:
دکتۆر/مقداد حسن فقێ
پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست وجوانکاری و لەیزەر