چارەسەری شەکرەی چاو
قۆناغی سەرەتای نەخۆشییەکە کە گرفتی بۆ بینایی درووست نەکردووە و تۆڕەی چاو هەڵاوسانی نیە، پێویستی بە چارەسەر نیە، تەنها ٦ مانگ بۆ ساڵی جارێک پشکنینی بۆ بکرێتەوە.
قۆناغی ناوەند و توند پێویستی بە چارەسەرە.
٭ لەیزەری ئارگۆن دەکرێت کاتێک تۆڕەی چاو هەڵاوسابێت، یان خوێنبەربوون ڕوویدابێت یان مولوولەی نائاسایی درووست بووبێت، بۆ سوتاندنی مولوولەی زیادە و پێکەوەلکاندنی درز و تەقیوەکانی تۆڕە و دەمارەکانی خوێنی.
٭ دەرزی ناوچاو: ـ Anti-VEGF
دەرزی لە جۆری ئەڤاستین یان لوسێنتس باشتر وایە هەموو مانگێک بکرێت بۆ ماوەی سێ مانگ، دواتر چاودێری و پشکنینی بۆ بکرێتەوە هەموو ۳ مانگ بۆ ٦ مانگ جارێک، ئەگەر پێویستی کرد دەرزی تری بۆ دەکرێت.
× دەرزی ستیرۆید لە جۆری تریامسینۆلۆن سوودی دەبێت بەڵام ئەگەری هەیە پەستانی ناو چاوەکە بەرزبکاتەوە و ببێت بە ئاوی ڕەش.
٭ نەشتەرگەری: نەشتەرگەری تۆڕە و شلەی شوشەیی پێویستە بکرێت کاتێک چاوەکە توشی خوێنبەربوونی زۆری تۆڕەی چاو و ناو شلەی شوشەیی بووبێت، یان تۆڕەی چاو جیابووبێتەوە.
ئەنجامی چارەسەر:
ڕێژەیەکی زۆری نەخۆشەکان سوود لە چارەسەرەکان وەردەگرن بەوەی نەخۆشیەکەیان لەو قۆناغەدا دەوەستێت، بەڵام ڕێژەیەکی کەمیان باشتر دەبن و ڕێژەیەکیش خراپتر دەبن.
چەندین هۆکار هەیە وادەکات چارەسەرەکان سوودی ئەوتۆی نەبێت یاخود پێویست بە دووبارە چارەسەر بکاتەوە، لەوانە: بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی گورچیلە، تەمەنی زۆر، وە باش کۆنتڕۆڵ نەکردنی شەکرە.
دوای وەرگرتنی چارەسەر چەند مانگێکی دەوێت هەتا ئەنجامەکەی وەدیار دەکەوێت.
نەخۆش دەبێت ئەوە بزانێت ئەم چارەسەرانە لەوانەیە پانتایی بینایی کەم بکاتەوە.
شەکرە لەوانەیە کار لە چاو بکات بە تێکدانی تۆڕەی چاو، هەڵاوسانی سەنتەری بینایی چاو، دروستکردنی ئاوی ڕەش و ئاوی سپی.
هەموو جۆرەکانی شەکرەی چاو ئەگەری هەیە ببنە هۆی لەدەستدانی بینایی.
شەکرەی چاو یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی کوێربوون لە جیهاندا.
دکتۆر ماکۆک محمد
پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو
۳/۱۲/۲۰۱۸